کارمەندانی رێکخراوی هەسار لەکاتی رواندنی دار بەڕوودا. فۆتۆ/رێکخراوی هەسار
زیاتر لە 300 هەزار بەڕووی چاندووە
رێکخراوێک دەیەوێت ساڵانە ملیۆنێک دار بەڕوو بچێنێت
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
رێکخراوێک پرۆژەیەکی راگەیاندووە بۆ ئەوەی ساڵانە یەک ملیۆن دار بەڕوو بچێنێت، بەنیازە تاوەکو ساڵی 2025 بەم دارانە پشتێنەی سەوز بۆ هەموو شارەکانی هەرێمی کوردستان دروستبکات.
رێکخراوی هەسار، بە هاوکاری چەند لایەنێک، لە ساڵی 2021ـەوە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 300 هەزار نەمامی دار بەڕووی چاندووە لە هەولێر.
“قۆناغی یەکەم کە قۆناغی چاندنی 60 هەزاربوو بە سەرکەوتووی گەیشتەوە وەرزی باران، لە ئێستادا تەمەنیان بووە بە دوو ساڵ، رەگەکەیان چووە بە قوڵایی زەویدا،” رێکخراوی هەسار لە فەیسبوکی خۆیان وا دەڵێت.
توانای چاندنی ساڵانەی رێکخراوەکە لە ئێستادا گەیشتووەتە 250 هەزار دار بەڕوو، بۆ ئەمساڵ لەم رێژەیە چاندن بۆ سەرووی 90٪ ئەنجام دراوە، ئامادەکاری بۆ ئاودانی دوای چاندن و پەرەپێدانی توانای دابینکردنی ئاو لە رێگەی ریسایکلین دەکرێت.
حکومەتی هەرێم، شوێنی چاندن و ئامادەکردنی داربەڕووەکانی بۆ جێبەجێکارانی پرۆژەکە دابینکردووە لە هەولێر، کە رووبەرەکەی چوار کیلۆمەترە و بەهێندەی 63 یاریگای تۆپی پێ فراوانە.
کۆمپانیای نەوت و غازی “ShaMaran Petroleum Corp” سپۆنسەری چاندنی بەشێکی زۆر لە نەمامەکان دەکات.
بۆ ئاودانی نەمامەکان، ئاوی ئاوەڕۆ خاوێندەکرێتەوە و بەکاردەهێنرێت و بە هاوکاری رێکخراوی UNICEF پرۆژەیەکی ریسایکلینی بۆ دروستکراوە.