راوچییەکانی کوردستان چاویان لەدەستی سوورەی لەحیمچییە

لە لەحیمچی گەڕۆکەوە بۆ دروستکردنی بەلەم

میدیازان – مەجید بتوێنی – رانیە

+ ڤیدیۆ

هەمزە حەمە سوور، بە لەحیمەکەی دەستی هەرچی راوچی دەریاچەی دوکان و دەربەندی رانیە هەیە لە خۆی کۆ کردوونەتەوە، دە ساڵە بەلەمی راوکردنیان بۆ دروست دەکات.

هەمزە حەمە سوور، خەڵکی قەزای حاجیاوایەو، ماوەی ١٠ ساڵە کاری لەحیمچیایەتی دەکات بەلەم بۆ راوچی و خاوەن پرۆژەکانی گەشتیاری لە دەریاچەی دوکان و دەربەندی رانیە دروست دەکات.

بەلەمەکانی هەمزە سوور دروستیان دەکات، دوو جۆرن، بەلەمی گەشتیاری و بەلەمی راو کە کەلوپەل و پلێتەکەی تورکین و لە هەولێرەوە دەیکڕێت.

“بەلەمی راوکردنەکە توانای هەڵگرتنی یەک تۆن و نیو ماسی هەیە، هەرچی بەلەمی گەشتیارییەکەیە توانای هەڵگرتنی ١٤ گەشتیاری هەیە”. هەمزە سوور وادەڵێت، ئەوەشی خستەڕوو کە دروستکردنی هەر بەلەمێک دە رۆژ دەخایەنێت.

هەمزە حەمە سوور، لە چلەکانی تەمەنیدایەو سەرەتا وەک لەحیمچی گەڕۆک کاریکردووە، پاشان دوکانی ئاسنگەری داناوەو، ئێستا وەستایەکی شارەزای بەلەمە.

+964دەزانێت، بەلەمی راوکردنەکە مەترێک پانەو پێنج تا حەوت مەتر درێژە، هەرچی گەشتیارییەکەیە دوو مەتر پانە و درێژییەکەشی دەگاتە نۆ مەتر.

لەبارەی نرخی بەلەمەکانیش، هەمزە ئاماژەی بەوەدا کە بەلەمی راوکردن بە ملیۆنێک و ٧٠٠ هەزار دینار دروست دەکات و، بەلەمی گەشتیاریش سێ ملیۆن و ٣٠٠ هەزار دینار.