پێوەرەکان لێکرانەوە
دواى فشارى خەڵک؛ پڕۆژەى رووناکى لە پێنجوێن راگیرا
بڕوا مەجید
دواى فشار و ناڕەزایەتى خەڵک و لێکردنەوەى پێوەرى زیرەک، بڕیاردرا بە راگرتنى کارەکانى فراوانکردنى پڕۆژەى رووناکى لە قەزاى پێنجوێن و دەوورووبەرى.
دوێنێ دووشەممە، لە قەزاى پێنجوێن و ناحیەى گەرمک و گوندەکانى دەورووبەرى، تیمەکانى بەستنى پێوەرى زیرەک لە پڕۆژەى رووناکى، چەند پێوەرێکى زیرەکیان بەست و دواتر بە فشارى خەڵک پێوەرەکان لێکرانەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، ناڕەزایەتى خەڵک فراوانتر بوو و لە پێنجوێن جگە لە گردبوونەوە، بە داخستنى دوکانەکانیان فشارەکانیان گەورەتر کرد.
کەمێک لەمەوبەر،عەدنان کاکەڕەش، قایمقامی پێنجوێن بە 964ـى وت،”لەدەرئەنجامی کۆبونەوەکەمان لەگەڵ هاووڵاتیانی قەزای پێنجوێن و نوێنەری پڕۆژەی رووناکی، نوێنەرکەیان بڕیارید بەوەى بەستنی پێوەری زیرەک و فراونکردنی پڕۆژەکە لەسنوورەکە رابگرێت”.
بەوتەى عەدنان کاکەڕەش، ئەوەى گرنگە شت روونەدات و پەنجەى هیچ کەسێک خوێنى لێ نەیەت و داواکارى خەڵکەکەشیان بۆ سەرووى خۆیان ناردووە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح