بارانەکە بەفریشی لەگەڵدایە

964+ هێمن بەکر – هەولێر لە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە بارانبارین لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و کەرکوک دەستپێدەکات، سبەینێ بەفر دەبارێت لە لوتکەی شاخەکانی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، بە قسەی کەشناسی. لە راگەیەندراوێکدا، بەشی پێشبینی کەشناسی لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن دەڵێت، ئەمڕۆ تەواوی هەرێمی کوردستان دەکەوێتە ژێر شەپۆلێکی بارانبارین کە لە دوانیوەڕۆ دەستپێدەکات. دەشڵێت، سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە زۆرترین ئاستی دابارینی دەبێت بەراورد بە ناوچەکانی دیکە، بەڵام باران لە هەولێر، دهۆک و کەرکوکیش دەبارێت بە رێژەی کەمتر. بەگوێرەی کەشناسی سبەینێ پێنجشەممە، پێشبینی دەکرێت بەفر لەسەر لوتکەی ناوچە شاخاوییەکان ببارێت لە سلێمانی و هەڵەبجە. بە گشتی ئەم شەپۆلە تاوەکو شەوی پێنجشەممە بەردەوام دەبێت. بە سۆراغی میدیازان، ئەم شەپۆلە باران و بەفر و سەرمایە دەبێتە سەرەتای هاتنی وەرزی سەرما بە بەردەوامی.