لە ماوەی ساڵێکدا 20%ـی دابەزیوە
نرخی خۆراک لە بازارەکانی جیهانی دادەبەزێت
964+
فەرمان سادق
رۆژ دوای رۆژ نرخی خۆراک لە بازاڕەکانی جیهانی رووی لە دابەزینە، ئەمەش دوای ئەو هەڵکشانە دێت کە بەهۆی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراین نرخەکەی گران ببوو.
ئەمڕۆ هەینی 7.4.2023، رێکخراوی فاو رایگەیاند کە نرخی خۆراک لە بازاڕەکانی جیهان دابەزیوە.
رێکخراوی فاو، یەکێکە لە ئاژانسەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان و تایبەتە بە پرسی کشتوکاڵ.
رێکخراوەکە لە راگەیەندراوێکدا کە ئەمڕۆ بڵاوی کردووەتەوە باس لە دابەزینی نرخی خۆراک دەکات و دەڵێت: نرخەکەی ئەگەرچی هێشتا زۆر گرانە، بەڵام ئەوە 12 هەمین مانگە بەدوای یەک نرخی خۆراک دادەبەزێت.
زیاتر دەشڵێت: لەو 12 مانگە بەراورد بە مانگی ئاداری 2022 کە تازە بە تازە کاریگەرییەکانی جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا کاریگەرییان دروستدەکرد بەسەر بازاڕەکانی جیهانی.
بەپێی راگەیەندراوەکەی فاو بێت، لە 12 مانگی رابردوودا بە رێژەی 20.5% خۆراک بە شێوەیەکی گشتی نرخی دابەزیوە، ئەمەش بەهۆی درێژکردنەوەی رێکەوتنی گەنمی دەریای رەش کە بەهۆیەوە رووسیا رێگەی بە بازاڕکردنی گەنمی ئۆکرانیا دا، هەروەها زیادکردنی ئاستی بەرهەم.