ئەو پەرستارەی دەرزی بۆ ژنەکەی ئاکرێ دانا بوو دەستگیرکرا
964+
عەمار عەزیز – دهۆک
ئەو پەرستارە دەستگیر کرا کە دەرزی بۆ ئەو ژنێک دانابوو کە بەهۆیەوە گیانی لەدەستدا.
رووداوەکە ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 5.4.2023 روویداوە، کاتێک ژنێکی 35ساڵ، سەردانی نۆرینگەی پەرستارێک دەکات لە ناحیەی روڤیا، بەڵام دوای وەرگرتنی دەرزییەکە باری تەندروستی تێکدەچێت، هەر بەو هۆیەشەوە شەوی رابردوو گیان لەدەستدەدات.
ئەو ژنەی گیانی لەدەستداوە خەڵکی گوندی ئێکماڵەی نوێی سەر بە ناحیەی گردەسێنی سەر بەقەزای ئاکرێ، کچێک و چوار کور لەدوای خۆی بەجێهێشت.
دوای رووداوەکە، دەستبەجێ پەرستارەکە لەلایەن پۆلیسی ئاکرێ دەستگیر کراوە.
نێچرڤان فەخرەدین، بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستی ئاکرێ بە 964ـی وت “دوای گیانلەدەستدانی ئەو ژنەیە پەرستارەکە لەلایەن پولیسەوە دەستگیرکراوە هەروەها نۆرینگەکەشی بە فەرمانی پولیس داخراوە، دەزگا ئەمنیەکان و تەندروستی سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن تا ئێستا ئەنجامی لێکوڵینەوەکان ئاشکرا نەبووە، بۆیە ناتوانین لەمە زیاتر هیچ شتێکی تر بڵێن”.
کەسوکاری ئەو ژنەی بەهۆی دەرزیەکەوە گیانی لەدەستداوە، پەرستارەکەیان ئازاد کردووە، بەڵام هێشتا بڕیاری پۆلیس و تەندروستی ماوە، ئەمەش وایکردووە دادوەر بڕیاری کۆتایی نەدات.
پێداچوونەوە: فەرمان سادق