پسپۆڕێکى راگەیاندن
“هاوڵاتى مافى خۆیەتى بزانێت چى روودەدات”؛ لەبارەى قەدەغەکردنى ڤیدیۆ و وێنەى بۆردوومانەکان
وریا فەتاح
ماوەی 15 رۆژە جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران بەردەوامە و بەو هۆیەوە هەرێمی کوردستانیش زۆرجار دەکەوێتە بەر هێرشی درۆنی و موشەکی. دوای ئەوەی دەزگای دژە تیرۆر و هێزە ئەمنییەکان بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی بۆردوومانەکانیان لە میدیاکان قەدەغە کرد، پسپۆڕێکی راگەیاندن دەڵێت، پێویستە سنوورێک بۆ بڵاوکردنەوە هەبێت، بەڵام هاوڵاتیش مافی خۆیەتی بزانێت لە شارەکەیدا چی روودەدات.
لەسەرەتای دەستپێکردنی هێرشەکانەوە میدیاکان بەردەوام رووماڵی رووداوەکانیان دەکرد، بەڵام دژە تیرۆر و لایەنە ئەمنییەکان بە نووسراوی فەرمی داوایان کردووە چیتر وێنە و ڤیدیۆی بۆردوومانەکان بڵاونەکرێنەوە. بۆ قسەکردن لەسەر ئەم پرسە و ئەوەی لەم دۆخەدا چی بڵاوبکرێتەوە و چی بڵاونەکرێتەوە، 964 لێدوانی لە سامان فەوزی، پسپۆڕی راگەیاندن وەرگرت.
سامان فەوزی بە 964ـی راگەیاند، لە کاتی جەنگدا پێویستە بەرپرسانی ئەمنی و سەربازی لەگەڵ دەزگاکانی راگەیاندن دابنیشن بۆ ئەوەی یەکلایی بکەنەوە چی پەیوەندی بە ئاسایشی نەتەوەییەوە (ئەمنی قەومی) هەیە و چی پەیوەندی پێوەی نییە لەو شەڕەدا، تا بزانرێت چی بڵاوبکرێتەوە و چی بڵاونەکرێتەوە. دەشڵێت: “زۆر جار بڵاوکردنەوەی هەواڵێک خۆی لە خۆیدا خزمەتە بە ئاسایشی نەتەوەیی.”
سەبارەت بە شاردنەوەی زانیارییەکان لە کاتی بۆردوومانەکاندا، ئەو پسپۆڕەی راگەیاندن ئاماژەی بەوە کرد، هاوڵاتی مافی خۆیەتی بزانێت لە شارەکەی یان دوو گەڕەک دواتر چی روودەدات و نابێت شتی لێ بشاردرێتەوە، بەڵام جەختیش دەکاتەوە، “پێویستە سنوورێک دیاری بکرێت بۆ ئەوەی میدیاکاران پێوەی پابەند بن، تاوەکو دڵەڕاوکێ بۆ خەڵک دروست نەکەن.”
سامان فەوزی رەخنە لە جێبەجێکردنی بڕیارە ئەمنییەکانیش دەگرێت و ئاماژە بەوە دەکات کە دووفاقی لە جێبەجێکردنیاندا هەیە و وتی، “زۆر جار دەزگا ئەمنییەکان فەرمان دەردەکەن و قەدەغەی رووماڵ رادەگەیەنن، بەڵام کەناڵە زەبەلاحەکان پێوەی پابەند نابن.”
پێداچوونەوە؛ وریا فەتاح