ئەوە دەنگۆیانەی لەبارەی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی هەیە رەتدەکرێتەوە
964+
فەهمی نەبی
بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی عێراقی، ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی لەلایەن یەکێتی ئەورپا رەتکرابێتەوە، رایدەگەیەنێت ئەوان مۆڵەتیان لە رێکخراوی فڕۆکەوانی جیهانی هەیە.
ئەمڕۆ هەینی ئاژانسی هەواڵی عێراقی، لەسەر زاری ریاز جوندی بەڕێوەبەری گشتی رەگەزنامە و پاسپۆرتی عێراقی، ئەو دەنگۆیانەی لەبارەی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی رەتکردەوە.
ریاز جوندی وتویەتی “پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی لەلایەن رێکخراوی فڕۆکەوانی جیهانی پەسەند کراوە و بە نوسراوی فەرمی مۆڵەتی هەیە”.
بەگوێرەی قسەی ئەو بەڕێوەبەرەی پاسپۆرت، ئێستا 350 هەزار کۆپی پاسپۆرت بەردەستە و 500 هەزاری دیکە تازە گەیشتووە، لەسەرەتای مانگی داهاتوو 500 هەزاری تر دەگات و دواتریش ملیۆنێکی دیکە دەگات.
ئەوەش هاتووە پاسپۆرتە کۆنەکە لەکار ناکەوێت، تەنیا هێندە نەبێت ئەوانەی رێککەوتی پاسپۆرەکەیان بەسەرچووە، بە جۆری نوێی ئەلیکترۆنی بۆیان دەردەچێت.
لەمانگی رابردوو، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، کردنەوەی پەنجەرەی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی راگەیاند، هاوکات ئەوەش راگەیەنرا لەماوەی یەک رۆژدا هاوڵاتیان دەتوانن پاسپۆرتەکەیان وەربگرنەوە.