تیمەکان بە دواى تەرمەکەیدا دەگەڕێن
گەنجێک لەکاتی گەڕانەوەی لە دەوام ئاو بردی و بێسەروشوێنە
کاروان ساڵحى- کەرکوک
لە گوندی رجێباتی سەر بە ناحیەی لەیلان، گەنجێکی خێزاندار لەکاتی گەڕانەوەی لە کارەکەی، بە ماتۆڕسکیلەکەیەوە کەوتە ناو رووبار و ئاو بردی، تا ئێستاش تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە.
ئەو گەنجە لەدایکبووی ساڵانی 2000ـەکانە، خێزاندارە و باوکی منداڵێکە.
بەپێى ئەو زانیاریانەى بەرگرى شارستانى کەرکوک بە 964یان داوە، گەنجەکە وەک کارمەندی پاسەوانی (سیکۆرتی) لە یەکێک لە کارگەکانی ناحیەی لەیلان کار دەکات، کاتێک لە دەوام گەڕاوەتەوە بۆ ماڵەوە، لە رووباری نێوان ناحیەکە و گوندەکەیان، بە ماتۆڕەکەیەوە ئاو بردوویەتی.
تیمەکانی بەرگری شارستانی گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و دەستیان بە گەڕان کردووە، بەڵام بەهۆی بەهێزیی لێشاوی ئاوەکەوە تاوەکو ئێستا تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح