لە بێ خزمەتیدا وایای لێهاتووە
شێرپەنجە کەوتووەتە گیانی دارەکانی پارکی ئازادی
964+
دیلان محەمەد جەزا
بەھۆکاری نەخۆش کەوتن وشکبوونەوە نزیکەی 100 داری سەبەح بەح لە شەقامی پارکی ئازادی ھەڵکێشران و لەناوبران.
تەمەنی دارەکان نزیکەی 15 ساڵ دەبێت و بەھۆی ئەوەی خزمەتێکی گونجاو نەکرابوون، زۆرێک لە دارەکان نەخۆش کەوتن و گرێیەک لە قەدەکانیاندا دروستبوو، کە پێی دەوترێت گرێی شێرپەنجەی دار.
لە پڕۆژەیەکی شارەوانی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی باخچەکانی سلێمانی، ئەو دارانە لابران و لە جێگەیاندا داری گەورەی سنەوبەر و جۆرێکی قەزوان کە چوار وەرزە سەوزە دەڕوێندرێت، هەروەها گوڵ و چیمەنیش بۆ بلواری شەقامەکان دادەنرێت، لەگەڵ دانانی سیستمی ئاو پڕژێن.
بەھرۆز سالار، بەڕێوەبەری باخچەکانی سلێمانی بە 964 ی راگەیاند، پڕۆژەکە ماوەی سێ مانگی بۆ دانراوە، بەڵام ھەوڵدەدەین بە دوو مانگ تەواوی بکەین، دواتر دارە وشکبووەکانی قەراغی شەقامی پارکی ئازادیش بە ھەمان شێوە لادەبەین.
پێداچوونەوە: فەرمان سادق