بەرهەمی ئێرانی نەبێت نرخی تەماتە رکابەری پیاز دەکات

964+
ئەحمەد مستەفا

لەکاتێکدا بەرھەمێکی سەرەکی سەر سفرە و خوانە، بەڵام بەھاکەی سەرنجی لەسەر تامەکەی لابردووە، لە بازاڕەکانی سلێمانی تەماتەی ئێرانی و عێراقی بێ رکابەرن.

ئێستا تەماتەی کوردی لە وەختی پێگەیشتنە و خۆی ئامادە دەکات بۆ مانگی ئایار، بەڵام لە رووی نرخەوە تەماتەی ئێرانی ھاوسەنگی بازاڕی راگرتووە، کە نرخەکەی لەنێوان 400 بۆ 500 دیناردایە بۆ هەر کیلۆیەک، بە پێچەوانەی تەماتەی عێراقی کە بە هەزار و 250 دینارە.

لە عەلوەی سلێمانی کە تاکە سەرچاوەی ناردن و ھاوردەی شارەکەیە بۆ سەوزە و میوە بە نرخی کۆ، دوو جۆر تەماتە هەن، عێراقی کە بە “تەماتەی جنوب” ناسراوە لەگەڵ ئێرانی مامناوەند و ورد.

زانست جەلال، فرۆشیار لە عەلوەی ھاوچەرخی سلێمانی، ئەمڕۆ چوارشەممە 5.4.2023، بە 964ی وت، “ئەگەر تەماتەی ئێرانی نەبێت خەڵک راستەوخۆ دەڕوات بۆ تەماتەی عێراقی، بەمەش نرخی تەماتە عێراقییەکە کە ئێستا لەنێوان هەزار بۆ هەزار و 250 دینارە، دەگاتە دوو هەزار دینار، “لەبەرئەوەیە کە [تەماتەی ئێرانی] هاوسەنگی بازاڕی راگرتووە”.

لە دوو سێ مانگی رابردوو، نرخی پیازیش کە خواردنێکی سەرەکیە، نرخەکەی بۆ یەک کیلۆ گەیشتە دوو هەزار و 500 دینار، بەڵام بەمدواییانە هاتەوە خوارەوە، ئێستا لە دەوروبەری هەزار و 500 دینارە.

فرۆشیاری عەلوەکەی سلێمانی وتیشی، “ئەو تەماتە ئێرانییەی ئێستا دەھێنرێتە عەلوە گومرگەکەی کەمە، بۆیە نرخەکەیشی بەراورد بە عێراقییەکە کەمترە و خواستیشی لەسەرە، لە بەرامبەردا، تەماتە عێراقییەکە کە لە تامی تەماتەی کوردی نزیکە، خواست لەسەری وەک ئێرانییەکە نییە”.

ھەر جوتیارێک لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق بەرھەم بۆ عەلوەی سلێمانی بنێرێت، 30 بۆ 40 سندوق تەماتەی تێدایە، بە وتەی زانست جەلال, “ھەرکاتێک تەماتەی خۆماڵی پێگەیشت ئەوە کارەکە تەواو پێچەوانە دەبێتەوە، جوتیارە عەرەبەکان خۆیان دێنە سەر زەوییە کشتوکاڵییەکان و تەماتەی کوردی دەبەنەوە”.

پێداچونەوە: هێمن بەکر