ئەوانەی فۆڕمی خۆراکیان ونکردووە پسولەی نوێیان پێدەدەرێت

964+

عەمار عەزیز – دهۆک

بەرێوەبەرایەتی رێکخستنی فۆڕمی خوراک ئاگاداری ئەو هاوڵاتیانە دەکاتەوە کە پسولەیان بزر کردووە و داوایان لێدەکات بەزووترین کات سەردانیان بکەن، بە پێچەوانەوە بێبەش دەبن لە کارتی ئەلیکترونی.

بەپێی دواین ئاماری بەرێوەبەرایەتی رێکخستنی فورمی خۆراک، ژمارەی ئەو خێزانانەی لە دهۆک فۆڕمی خۆراکیان هەیە، 278 هەزار و 235 خێزانن.

قەیس  وەیس، بەرپرسی راگەیاندنی رێکخستنی پسولەی خۆراک بە 964ـی وت “هەر هاوڵاتیەک لە سنووری پارێزگای دهۆک ئەگەر پسولەی خۆراکی هی ساڵی 2020 تاوەکو 2021ـەکە و ئێستا ونی کردووە، دەبێت “بە زووترین کات سەردانمان بکات بۆ ئەوەی پسولەیەکی بزربوونی بۆ بکەین تاوەکو لەکاتی وەرگرتنەوەی کارتی ئەلیکترونی گرفتی نەیەتە بەردەم”.

دەشڵێت: ئەو خێزانانەی سەردانمان نەکەن ئەوا بێبەش دەبن لە کارتە ئەلیکترونیەکە و دواتر ناتوانن ئەرزاقی مانگانەش وەربگرن.

پڕۆسەی بە ئەلیکترۆنیکردنی پسولەی خۆراک لە 25.3.2023 بە فەرمی لە پارێزگای دهۆک دەستبە جێبەجێکردنی کرا، پێشتریش لەسەر ئاستی عێراق لە پارێزگای نەجەف پڕۆسەکە دەستی پێکردبوو.

سەرکەوتنی پڕۆسەکە کۆتایی بەو پسولە کاغەزییە دەهێنێت و هاوڵاتیانیش دەتوانن بە ئاسانتر مامەڵەکانیان لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی بازرگانی شارەکەیان ئەنجامبدەن.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق