وەزیری داراییش بەشداریی دەکات

ئه‌مڕۆ تاوتوێی پرۆژه‌یاسای بودجه‌ی عێراق ده‌كرێت

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدولڵا

بڕیاره‌ ئەمڕۆ دووشه‌ممه‌ 3.4.2023 لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق به‌ ئاماده‌بوونی وه‌زیری دارایی كۆببێته‌وه‌، به‌ مه‌به‌ستی  تاوتوێكردنی پڕۆژەیاساى بودجەى گشتی 2023، كه‌ وا بڕیاره‌ سبه‌ی لە کۆبوونەوەی پەرلەمان خوێندنەوەى یەکەمى بۆ بکرێت.

پڕۆژەیاسای بودجەى گشتیى عێراق کە بۆ ساڵانى 2023، 2024 و 2025 دانراوە، دوێنێ یه‌كشه‌ممه‌ 2.4.2023 لەلایەن سەرۆکایەتیى پەرلەمانەوە ئاراستەى لیژنەى دارایی کراوه‌ و ئه‌مڕۆ لیژنه‌كه‌ به‌ ئاماده‌بوونی وه‌زیری دارایی عێراق كۆبووه‌وه‌ی له‌ باره‌وه‌ ده‌كه‌ن.

تۆڕی 964 ده‌زانێت، لە دواى خوێندنەوەى یەکەمى پڕۆژەیاساى بودجەى گشتی، لیژنەکانى پەرلەمان کارى لەسەر دەکەن و راپۆرتى لە بارەوە ئامادە دەکەن.

لە کۆبوونەوەى دوێنێى په‌رله‌مانی عێراق، پەرلەمانتارانى هاوپەیمانیی سەروەرى، کە نوێنەرى زۆرینەى سوننەکان ده‌كه‌ن، بەشدارییان لە کۆبوونەوەکەدا نەکرد.

ئه‌وان پێیان وایه‌ پشکى پارێزگا سوننەنشینەکان بەراورد بە پارێزگا شیعەنشینەکان كه‌متره‌ و تێبینیی دیكه‌شیان له‌سه‌ر پرۆژه‌یاساكه‌ هه‌یه‌.

بڕى پارەى پڕۆژەیاساى بودجەى گشتىی عێراق بۆ 2023،  199 تریلیۆن دینارە، کە گەورەترین بودجەیەکە لە مێژووى عێراقدا و وا رێكه‌وتنیش كراوه‌ 12.6%ى بودجەکە بۆ هەرێمى کوردستان بێت.