ئۆتۆمبێلە سووتاوەکەی رواندز بووەتە جێگەی سەرنجی گەشتیاران

بە دار گوێز دووبارە دروستی کردەوە

+وێنە و ڤیدیۆ

میدیازان – ئاسۆ وەرتی – رواندز

دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٩ ئۆتۆمبێلەکەی لە پێچەکانی رێگەی رواندز بەتەواوی دەسوتێت، عومەر ئیبراهیم بەناچاری بڕیار دەدات بە سیکراب بیفرۆشێت، بەڵام هیچ کەسێ نرخێکی ئەوتۆی پێ نادات، بۆیە بیرۆکەی دووبارە دروست کردنەوەی بۆدێت.

عومەر ئیبراهیم بڕیار دەدات جارێکی تر ئۆتۆمبێلەکەی بگەڕێنێتەوە سەر شەقامەکان، بە یارمەتی هاوڵاتییەکی ئەمریکی بەناوی هندرۆی کە پیشەی دارتاشییە لە قەزای رواندز، بە داری گوێز دووبارە ئۆتۆمبێلەکە دروست دەکەنەوە و دیزاینێکی نوێی پێدەبەخشن.

پاش دووبارە بوونیادنانەوەی، دیزاینی نوێی ئۆتۆمبێلەکە دەبێتە جێگەی سەرنجی گەشتیاران لە رواندز، کوڕی خاوەنەکەی دەڵێت، “خەڵک زۆر پێیان جوانە، شوێنەکەی ئێمه رێگایەکی گشتییە وهاتوچۆی زۆر پیادا دەکرێ، رواندزیش شوێنێکی  گەشتیاریە، بە تایبەت گەشتیارانی عەرەب زۆریان پێ جوانە و وێنەی لەگەڵ دەگرن و دەست خۆشیمان لێدەکەن.”

ئۆتۆمبێلەکە لە جۆری ساسوکییە و ژمارەی بەغدایە، خاوەنەکەی دەڵێت مەرجی سەلامەتی تێدایە و دروستکراوی ساڵی ١٩٩٩یە.

ئیبراهیم عومەر کوڕی خاون ئۆتۆمبێل بە میدیازانی وت، “خەڵک هاتووە پێمان دەڵێن بەهەرنرخێک بێت دەمانەوێ بەڵام ئێمه نایفرۆشین، وەک شێوەیەکی جوان بۆ شارەکەمان داناوە.”

بە وتەی خاوەنەکەی، تایبەتمەندی ئۆتۆمبێلەکە دەبڵ ئەکسلە، سوکان پاوەرە و دژە ئاوە و بۆ بونیادنانەوەی بە تەختە شەش مانگی خایاندووە و ٢ هەزا ر و ٥٠٠ دۆلاری تێچووە. 

عومەر ئیبراهیم ساڵی ٢٠١١ ئۆتۆمبێلەکەی کڕیوە، ماوەی  ١٠ ساڵ لەلای بووە تاوەکو لەساڵی ٢٠١٩ بەهۆی شۆرتی وایەرەکانی سووتاوە.