لە دیمەشقەوە

نێچیرڤان بارزانى بۆ ئەحمەد شەرع: پشتیوانی سووریایەکین مافی سەرجەم پێکهاتەکانی بپارێزێت


وریا فەتاح

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەسەر بانگهێشتی فەرمی سەردانی دیمەشقی کرد و لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا کۆبووەوە. لە دیدارەکەدا جەختی لە پشتیوانیی هەرێمی کوردستان کردەوە بۆ سووریایەکی سەقامگیر، کە مافی تەواوی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی تێدا پارێزراو بێت.

دوای سەردانەکە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا خۆشحاڵیی خۆی بە دیدارەکەی لەگەڵ ئەحمەد شەرع دەربڕی و رایگەیاند، دوای ساڵانێکی زۆر لە نەهامەتی و ناخۆشی، ئێستا “دەرفەتێکی مێژوویی” لەبەردەم سووریادایە بۆ بووژانەوە، ئاوەدانکردنەوە و گەشەسەندن.

نێچیرڤان بارزانی متمانەی تەواوی خۆی بە روانگەی ئەحمەد شەرع دەربڕی و جەختیکردەوە، بە سەرکردایەتیی ئەو، سووریا دەتوانێت بەرەو سەقامگیریی زیاتر و خۆشگوزەرانی هەنگاو بنێت و داهاتوویەکی گەشتر بۆ سەرجەم پێكهاتەکانی گەلەکەی دابین بکات.

لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، هەردوولا باسیان لە رۆڵی ئەرێنیی سووریا کرد لە پێشخستنی ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکەدا.

سەبارەت بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانیش، سەرۆکی هەرێمی کوردستان روونیکردەوە کە عێراق، هەرێمی کوردستان و سووریا وەک سێ دراوسێ، خاوەنی گەلێک بەرژەوەندیی هاوبەشن، وتیشی، “زەمینەیەکی زۆر لەبار هەیە بۆ فراوانکردنی هاوکارییە ئابووريیەکانی نێوانمان، لەپێناو بەرژەوەندیی گەلەکانماندا”.