لە چوارقوڕنە

ماڵی پێشمەرگەیەک بە تەواوەتی سووتا

964+

مەجید بیتوێنی

دەیویست فیول پەمپی ئۆتۆمبێلە پیکەبەکەی لە ماڵەوە بگۆڕێت، بەڵام ئاگر کەوتەوە و تەواوی ماڵەکەی سووتاو. بەهرۆز حەسەنی پێشمەرگە دەڵێت، هێندە فریاکەوتم خێزان و منداڵەکان رزگار بکەم.

رووداوەکە کاتژمێر 12ـی نیوەڕۆ 1.4.2023 لە قەزای چوارقوڕنە روویداوە، لەو کاتەی بەهرۆز حەسەن کە کاری پێشمەرگەیە، دەیەوێت فیول پەمپی پیکابە گۆناوەکەی بگۆڕێت.

بەهرۆز، ئۆتۆمبێلەکەی لە گەراجی حەوشەی ماڵەکەی راگرتووە، وەک خۆی دەڵێت هەر لە حەوشەکەیاندا بەرمیلێک نەوت و دوو تایەش هەبوون.

” لە ناکاو گڕی گرت.. سەیارەکە و تەواوی ماڵەکە سووتان، تەنیا بەوە راگەیشتم ماڵ و منداڵەکانم رزگار بکەم”. بەهرۆز حەسەن لەسەر رووداوی ئاگر کەوتنەوەکە وەها قسەی بۆ 964 کرد.

عەلی قادر، وتەبێژی بەرگری شارستانی راپەڕین بە 964ـی وت، لە گەڕەکی ئۆردوگای شارۆچکەی چوارقوڕنە لە کەوتنەوەی ئاگرێک ئاگادار کراینەوە، بەڵام “زۆر بە درەنگەوە ئاگادار کراینەوە، بۆیە تیمەکانمان هەر ئەوەندەیان بۆ کرا کۆنترۆڵی ئاگرەکە بکەن”.

وتەبێژی بەرگری شارستانی راپەڕین ئەوەشی خوتەڕوو کە جگە لە زیانی مادی، ئەوا هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق