لە گۆپتەپە

12 دۆنم شوتی جوتیارێک رەقە دەرچوو

عەزیز عەبدوڵا – گۆپتەپە

لە گوندی گۆپتەپەی ئاغجەلەر، جوتیارێک لە 12 دۆنم شوتی هیچی بۆ دەرنەچووە و نەخۆشی رەقە داویەتی لە دانە بەدانەیان، نەخۆشی رەقە ڤایرۆسێکە لە ماوەی سێ رۆژدا فریای نەکەوی تەواوی بەرهەمەکە گرفتاری لەناوچوون دەکات.

ئێستا ئەو جوتیارە، رەنج بەخەسارچووە، بەرهەمێکی ئەوتۆی دەست نەکەوتووە.

فەهد خالید، جوتیارەکەیە بە 964ی وت، ماوەی چوار مانگە من بە شەو و رۆژ خزمەتی ئەم شوتیە دەکەم، تا بێتە بەرهەموو رەنج و ماندوبونی ئەم ساڵ بچنمەوە، بەڵام فەرموو بەچاوی خۆتان بیبینن لەباتی بیبەین بۆ بازارەکان و بیفرۆشین، بێبەرامبەر ئەی بەخشینە خاوەن ئاژەڵەکان.

ئەو وتی، شوتییەکە بە کەڵک خواردن نەماوە، ئەو 12 دۆنم زەوییەی من کردوومە، مەزەندەم کردووە زیاتر لە 150 تا 200 تۆن، شووتی دەهێنا تا بخرێتە بازاڕەکانەوە، بەلایەنی کەوە بەشی یەک رۆژی هەموو پارێزگای سلێمانی دەکرد.

شوتیەکە لە پێنج کیلۆ تا 10 کیلۆی تێدایە، ئەو وتی، من کە جوتیارم تا ئێستا نەم بیستووە نەخۆشی رەقە هۆکارێکی تایبەتی هەبێت، مەرجیش نیە ئەوەی توشی ئەم نەخۆشیە بوو دەرمانی پێ درابێت.

گوندی گۆپتەپە دەکەوێتە سنوری ناحیەی ئاغجەلەر، ساڵانە بە سەدان جوتیار لەسنورەکە پیشەی سەرەکیان کشتوکاڵ کردنە، جگە لەم جوتیارە سێ تا چوار جوتیاری دیکەش هەمان حاڵیان هەیە بەدەس ئەم نەخۆشیەوە ئەمساڵ.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا