گۆشتن و رۆندارن
مراوییەکانى بنارى سورێن منافەسەى قاز دەکەن
ئەمەل ناجى – هەڵەبجە
لە گوندی ریشێنی بناری سورێن، چەند گەنجێک سەرقاڵی بەخێوکردنی مراوین، مراوییەک کە وەک خۆیان دەڵێن گۆشتەکەی لە تامدا هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ قاز نییە و هەرکەس بردوویەتی بە دڵی بووە، تەنانەت کڕیارەکانیان بۆیان باس کردوون کە لە دوو مراویدا پەرداخێک رۆنیان لێ گرتووە.
بێروون رەفیق، کە یەکێکە لە بەخێوکەرەکان، بۆ 964 باسی لەوە کرد کە دوو جۆر مراوی بە شێوەیەکی سروشتی بەخێو دەکەن، خۆماڵییەکەیان کێشی تا 2.5 کیلۆ دەڕوات و هۆڵەندییەکەش دەگاتە سەروو 4 کیلۆ، بەڵام چونکە شێوازی بەخێوکردنیان وەک یەکە، لە رووی تامەوە هیچ جیاوازییەکی ئەوتۆیان نییە.
ئەو بەخێوکەرە ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر مراوی لە ئاوێکی پاکدا بەخێو بکرێت هیچ بۆنساردییەکی نابێت و تامەکەشی وەک قاز خۆش دەبێت.
بە وتەی بێروون، ئێستا بەهۆی گرانیی نرخی قاز و پەلەوەرەکانی دیکەوە، خواست لەسەر مراوی زیاد بووە، بەتایبەت کە مراویی کوردی نرخەکەی تەنیا 10 هەزار دینارە و هەموو کەس توانای کڕینی هەیە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح