مەهاباد و شارەزوور یەکیان گرتووە و بە نیازن گۆرانی هەورامی بڵێن
کاروانی نەی و دڵنیا خان بۆ رۆژی هەڵەبجە کۆنسێرتییان کرد
ئەمەل ناجی – هەڵەبجە
لە یادی 157 ساڵەی بە قەزابوونی هەڵەبجەدا، موزیکژەنی دیار کاروانی نەی (سەرپەرشتیاری گرووپی شەم) و هونەرمەندی رۆژهەڵاتی کوردستان دڵنیا خان، کۆنسێرتێکیان لە شارەکە سازکرد و ئاشکرایان کرد کە بە نیازن و چەند گۆرانییەکی نوێ تۆمار بکەن.
کاروانی نەی، کە خەڵکی سەیدسادق و شارەزوورە، لە قسەکانیدا بۆ 964 باسی لەوە کرد، بە بانگهێشتی پارێزگاری هەڵەبجە و وەک گرووپی شەم بەشدارییان لە رۆژی هەڵەبجەدا کردووە و خۆشحاڵن کە توانیویانە میلۆدییەکانی موکریان، شارەزوور، هەڵەبجە و هەورامان پێکەوە تێکەڵ بکەن و پێشکەشی خەڵکی شارەکەی بکەن.
لەبارەی کارە نوێیەکانیشیانەوە وتی، “ماوەیەکە پێکەوە کار دەکەین و لە ستایلی دەنگی دڵنیا خان تێگەیشتووم، بە نیازین لە سلێمانی، هەولێر و زۆربەی شارەکانی کوردستان کۆنسێرت ئەنجام بدەین و چەند گۆرانییەکی نوێشی بۆ تۆمار بکەین، بە گۆرانی هەورامیشەوە”.
“دڵنیا خان هەم خۆی مۆسیقییە و ئامێری موزیک دەژەنێت و هەم گۆرانیبێژە، بۆیە کارکردن لەگەڵیدا زۆر ئاسانترە”، کاروانی نەی وای وت.
لە بەرامبەردا دڵنیا خان، کە وەک قوتابی لەگەڵ مامۆستاکەی بەشداربوو، بە 964ـی وت، “مامۆستا کاروان وەسف ناکرێت و لە ئامێر و دەنگیشدا مامۆستایەکی زۆر باشە”.
ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەمە دووەم یان سێیەم جارییەتی لە هەڵەبجە گۆرانی دەڵێت و وتی، “من هەڵەبجەم زۆر خۆشدەوێت، دڵی کوردستانە هەڵەبجە، چونکە لە هەر چوار پارچەی کوردستان ناوی هەیە و لەبیر ناکرێت”.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر