خێرێکی بێ دەنگ
تەوالێتەكانی مزگەوتی هەنجیرەكەی سلێمانی نموونەیی پاكوخاوێنییە
ئەحمەد محەمەد – سلێمانی
پیاوێکی بۆ خوا سوڵحاو توالێت و سیمای مزگەوتی هەنجیرەكەی کردووە بە پاکترین شوێن کە هاوشێوەی کەمە، ئەو مزگەوتە دەكەوێتە گەڕەكی ئازادیی سلێمانی لە پاكوخاوێنی دا وێنەی نییە.
نوێژخوێنان پابەندی پاكڕاگرتنی تەوالێت و دەست شۆرەكانن.
مامۆستا سەركار خدر، پێشنوێژی مزگەوتەكە بە 964ی وت، سەرباری ئەوەی قەرەباڵغییەكی زۆر لەسەر مزگەوتەكە هەیە، مزگەوتەكەمان لە ناوەوە و دەرەوەش پاكوخاوێنی پێوە دیارە.
بیرۆكەی ئەم دیزاین و پاكو خاوێنی تەوالێتانەش هی سەرپەرشتیارێكە بەناوی سالار عوسمان، كە وەك مامۆستای مزگەوتەكە دەڵێت، پەیوەندی پێوە كردووە خۆی ئامادەبێت، بەڵام رەتیكردووەتەوە كەدەركەوێت و بۆ خێر كارەكە دەكات نایەوێت دەركەوێت.
ماوەی چوار ساڵە ئەو پیاوە خزمەتی مزگەوتەكە دەكات و دیزاین و هێنانی تابلۆكانیش هەر خۆی بووە و زۆرجار پێی دەڵێم ئاوا بكەی و خەریكی رازاندنەوەی بیت خەڵك تەوالێتی ماڵەوە تەرك دەكات.
مامۆستا سەرکار ئاماژەی بەوەکرد، سەرەڕای قەرەباڵغییەكی زۆر لەسەر مزگەوتەكە، خەڵكی پابەندی پاك و خاوێنین و سروشت و سەقافەتی شارەكەش وایە زیاتر پابەندن.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا