شیشى کۆنکرێتە دەرکەوتوە

شەقامى ناوچەى پیشەسازى سلێمانى بووە بە تەڵەى ئۆتۆمبێلەکان


دیلان محەمەدجەزا- سلێمانى

لە ناوچەی پیشەسازیی شاری سلێمانی، شەقامێک لە ماوەی چەند سەد مەترێکدا دوو دیمەنی تەواو جیاوازی هەیە، سەرەتاکەی بە دووسایدێکی قیرتاوکراو و دیزاینێکی باش دەستپێدەکات، بەڵام هەر کە قیرەکە تەواو دەبێت، شۆفێران رووبەڕووی چاڵوچۆڵی گەورە و شیشی کۆنکرێت دەبنەوە.

شەقامەکە کە لە شەقامی بازنەیی مەلیک مەحمودەوە دەچێتە ناو ناوچەی پیشەسازیی سلێمانی، بەشی دووسایدەکەی بە قیرێکی باش و دیزاینێکی باش ئەنجامدراوە، بەڵام کە قیرەکە تەواو دەبێت و دەچێتە سەر بەشە کۆنکرێتەکەی پشتەوەی ناوچەی پیشەسازی، شەقامەکە ئەوەندە خراپ بووە کە چاڵوچۆڵی گەورەی تێدا دروستبووە و تەنانەت شیشی کۆنکرێتەکەش دەرکەوتووە.

دیلان محەمەد، پەیامنێری 964 سۆراغی دۆخی ئەو شەقامەی کرد و لە کاتی رووماڵکردنەکەدا شۆفێرێک لەبارەی دۆخی چاڵەکانەوە پێی وت: “بۆ مەلەکردن دەبێت”.

ئەو شەقامەی کەوتووەتە بەشی پشتەوەی ناوچەی پیشەسازیی سلێمانی، بووەتە گرفتێکی گەورە بۆ شۆفێران، چونکە ئەگەر وریا نەبن دەکەونە ناو چاڵەکانەوە، تەنانەت ئەوانەشی کە ئۆتۆمبێلەکانیان لە ناوچەی پیشەسازی چاکدەکەنەوە، ئەگەر بکەونە ناو ئەم چاڵانەوە ئۆتۆمبێلەکانیان خراپ دەبێتەوە.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح