"لە ترسی تەرزە بردمە ناو گەراج ئاوای بەسەرهات"

هێشتا هەشت ئۆتۆمبێل لە گەراجی شوقەکانی سڤار تاوەر لە ژێر ئاودا ماون

ئەحمەد شەمزین – هەولێر

هێشتا هەشت ئۆتۆمبێل لە گەراجی شوقەکانی سڤار تاوەر لە ژێر ئاودا ماون و تیمەکانی بەرگری شارستانی هەولێر، بە شۆفڵ خەریکن دەریان دەهێننەوە.

لە شەوی لافاوەکەدا جگە لە ماتۆڕسکیل و کەلوپەلی دانیشتووانی پڕۆژەکە، نزیکەی 25 ئۆتۆمبێلیش لەناو گەراجەکە نوقمی ئاوبوون، تاوەکو ئێستا هەشت ئۆتۆمبێلیان دەرنەهێنراونەتەوە.

یوسف نزار خاوەنی یەکێک لەو ئۆتۆمبێلانە لە بەردەم گەراجەکە وەستاوە و چاوەڕێی دەرهێنانەوەی ئۆتۆمبێلەکەی دەکات، قسەی بۆ مایکی 964 کردووە و دەڵێت، “هەموو جارێک سەیارەکەم لە دەرەوە رادەگرت، ئەوە شەوە لە ترسی تەرزە بردمە گەراجەکە و ئاوای بەسەرهات”.

وەک باسی دەکات، سەیارەکە جگە لە ئەوراقەکانی خۆی، ئەوراق و دۆسیەی خەڵکیشی تێدایە کە لای خوشکەکەی بووە کە پارێزەرە و لەناو سەیارەکەی ئەودا دایناون.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری