مانگرتنیان شکاند

نۆرینگە و دەرمانخانەکانی قەزای شارەزوور کرانەوە

بڕوا مەجید – شارەزوور

دوای زیاتر لە 24 کاتژمێر مانگرتن،  نۆرینگە و دەرمانخانەکانی قەزای شارەزوور کرانەوە.

مانگرتنی دەرمانخانە و نۆرینگەکانی شارەزوور دژی  بڕیارەکانی سەندیکای تەندرووستی و سزادان و غەرامەکەردنیان بوو.

د. شۆڕش قازی جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەندیکای کارمەندانی تەندروستی شارەزوور بە 964ـی وت، “بە کۆی دەنگ بڕیارماندا هەموو نۆرینگە و دەرمانخانەکان بکەینەوە، لەبەر ئەوەی خەڵکی فەقیر و هەژار لەم سنوورەی خۆمان زەرەرمەند دەبێ و ناتوانن بۆ پارچەیەک حەب بچنە عەربەت و سلێمانی”.

“لە دوێنێوە 25 بۆ 30 تەلەفۆنم بۆهاتووە، خەڵک نەخۆشی هەیە، چاری نییە، چی بکات”، د. شۆڕش وادەڵێت.

لە کاتی داخستنی دەرمانخانەکان، نزیکەی 500 نەخۆش روویان کردبووە نەخۆشخانەی گشتی قەزای شارەزوور و قەرەباڵغییەکی زۆر لەناو نەخۆشخانەکە دروست ببوو.