بەرگری شارستانی: زیانی گیانی نەبووە
ئاگرەکەی باڵەخانەی ئەسعەدی کۆنتڕۆڵکرا
رێباز یونس – هەولێر
لە ئاگرەکەی باڵەخانەی ئەسعەد لە شەقامی سوڵتان موزەفەری هەولێر، سەرجەم ئەو هاوڵاتییانە رزگارکران کە گیریان خواردبوو، وتەبێژی بەرگری شارستانی دەڵێ، تیم دەنێرن تا دڵنیاببنەوە کەس بێ هۆش نەبووە و لەناو پاشماوەی ئاگر مابێتەوە.
ئەمشەو لە شەقامی سوڵتان موزەفەر لە هەولێر ئاگر لە باڵەخانەیەک کەوتەوە، ئاگرەکە لە دوکانێکی کۆمپیوتەر گەورەبوو، ژمارەیەک دوکانی گرتەوە و بەهۆیەوە خەڵکانێک لەسەرەوەی باڵەخانەکە گیریان خوارد.
شاخەوان سەعید، وتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر بە 964ی وت، هەشتی تیمی بەرگری شارستانی بە هانای کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە و رزگارکردنی گیانی ئەو کەسانەوە هاتوون کە لەسەرەوەی باڵەخانەکە بوون و توانیوویانە ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکەن و ئەو کەسانەش رزگار بکەن.
لای ئەوان روون نەبووەتە هەڵگیرسانی ئاگرەکە لەچییەوە روویداوە، بەڵام ئەو وتی، راپۆرتی بەدواداچوون تۆمار دەکەن و دوای دڵنیابوونەوە بۆ رای گشتی ئاشکرا دەکەن.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا