نەخۆشخانەکە رەتیدەکاتەوە

بۆ گیانلەدەستدانی دوو نەخۆش لە دوکان کارەبا تۆمەتبار کراوە

ئەحمەد محەمەد – سلێمانی

لە ماوەی کەمتر لە هەفتەیەکدا، دوو حاڵەتی گیانلەدەستدان لە نەخۆشخانەی شەهید غەریب هەڵەدنی دوکان روویداوە، روداوێک کە بووەتە هۆی پرسیار لەبارەی دۆخی کارەبا و ئامادەباشیی نەخۆشخانە بۆ چارەسەرکردنی حاڵەتە فریاکەوتنەکان.

هێرۆ رەسوڵ، مامۆستا بووە و شەوی رابردوو خۆی ئامادە کردووە بۆ چالاکی قوتابخانە، پەیامنێری 964 سۆراغی کردووە، هەمان شەو چارەسەری پزیشکی وەرگرتووە و بەیانی زوو بە جەڵتە بەخەبەرهاتووە و گەیەندراوەتە نەخۆشخانە بۆ چارەسەر.

کەسوكاری هێرۆ ڕەسوڵ، یەکێک لەو نەخۆشانەی کە دەڵێن، بەهۆی بێ کارەبای لەوێ گیانی لەدەستداوە بە 964یان وت، کاتی گەیاندنی خوشکەکەیان بە نەخۆشخانە، کارەبا نەبووە و مۆلیدەکەش کاری نەکردووە.

بە وتەی ئەوان، چارەسەرکردنی نەخۆشەکە لەژێر رووناکی لایتی شەحن و مۆبایل ئەنجام دراوە و بوژانەوەی دڵیشی بە دەست بۆ ئەنجامدراوە.

بەرهەم رەسوڵ، برای هێرۆ رەسوڵ، باسی لەوەکرد، ئەگەرچی باوەڕیان بە قەزا و قەدەر هەیە، بەڵام گومانیان هەیە نەبوونی کارەبا کاریگەری لەسەر چارەسەری خوشکەکەیان هەبووبێت.

لە بەرامبەردا، رێبوار ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نەخۆشخانە، ئەم تێڕوانینەی رەتکردەوە و بە 964ی وت، نەخۆشەکە پێش گەیشتن بە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە و هەموو هەوڵە پێویستەکانی چارەسەری بۆ دراوە، ئەو وتی، ئامێری کارەبایی دڵ شەحنی تێدا بووە و بەڵام دۆخی نەخۆشەکە، پێویستی بە بەکارهێنانی نەبووە.

لەبارەی بێ کارەبای نەخۆشخانەکە رێبوار ئەحمەد وتی، چەندین جار بە نووسراو داوای چارەسەرکردنی کێشەی کارەبای نەخۆشخانەی لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کراوە، بەڵام وەڵامەکە ئەوە بووە کە کێشەی کارەبا گشتییە و چارەسەرکردنیشی پێویستی بە چارەسەری گشتی هەیە.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا