“خەریکە هەموو پرۆژەكانی هەڵەبجە رادەگیرێن”
میدیازان – محەمەد عومەر- هەڵەبجە
جێگری پارێزگاری هەڵەبجە هۆشداری دەدات لە وەستانی پڕۆژەكانی شارەكەی و دەڵێت، ئەگەری هەیە كاركردن لە هەموویاندا رابگیرێت.
کاوە شێخ عەلی، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە بە میدیازانی وت، لە سنوری پارێزگاکەیدا بە گشتی ٢٠٠ پڕۆژەی تەواو نەکراو هەن کە ماوەی ١٠ ساڵە بڕیاری جێبەجێکردنیان بۆ دەرچووە.
لەو پرۆژانە، ٣٥یان هی ئەمساڵن، لە بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان ١٥ دانە و لە بودجەی وەبەرهێنانی پرۆژەکانیش ٢٠ دانە.
لە کۆی هەر ٣٥یان، تەنیا هەشتیان بودجەیان بۆ تەرخانکراوە و چوونەتە بواری جێبەجێکردن، هێشتا مەترسی راگرتنیان هەیە بەهۆی نەبوونی سیولە لە بانکەکان، بە قسەی کاوە شێخ عەلی.
لەلایەکی دیکە، پێشەوا ئەحمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەڵەبجە بۆ میدیازانی باسکرد، بەهۆی نەبوونی فەرمانگەی پێویست لە هەڵەبجەدا تا ئێستا بەڵێندەرانی ناوچەکە سەر بە پارێزگای سلێمانین، بەڵام ئەو وەبەرهێنەرانەی کە لە سنورەکە چالاکن ۳۰بەڵێندەرن کە “دەتوانین بڵێین لە سەدا ٥٠یان واتە ١٥ بەڵێندەریان مایەپووچ بوون بەهۆی ئەو قەرزەی لە لای حکومەت هەیانە و پێیان نەدراوەتەوە”.
دیارترین ئەو پرۆژانەی کە جێبەجێ نەکراون دروستکردنی پردی تووەقووت و کردنەوەی مەرزی سازان و فراوانکردنی بازاڕی هەڵەبجە و ئاوەدانکردنەوە و قیرتاونەکردنی کۆڵان و گەڕەکەکانی شارەکەن.