بەخۆڕایی سەیارەکانیان دەگوازێتەوە
کرێنێکی خستووەتە خزمەتی لێقەوماوانی لافاوەکەی هەولێر
ئەحمەد شەمزین – هەولێر
خاوەنی کۆمپانیایەک، کرێنێکی بە شۆفێرەوە خستووەتە خزمەتی لێقەوماوانی لافاوەکەی هەولێر و هەموو ئەو سەیارانەی کەوتوونەتە ژێرئاو، بەخۆڕایی دەگوازێتەوە.
یونس ئەنوەر بە 964ـی وت، “خەڵک فەقیر و لێقەوماوە، بۆ ئێمەیش هیچی وای تێناچێ و وا بایی 300 دۆلار گازی ویست، هەمووی بەقوربانی پێڵاوی هەژاران بێ”.
“لە ناو هەولێر و بەپێی کات هەرچەندە مەجالمان هەبێ، ئەم دوو سێ رۆژ ئامادەین، لە سەعات 9ـی بەیانی تا 10ـی شەو هەر کەس پێویستی پێمان بوو با تەلەفۆن بکات، خزمەتی دەکەین”، یونس ئەنوەر وادەڵێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، تەنیا سەیارەی ئەو کەسانە دەگوازنەوە کە ژێرئاو کەوتووە و بەرلافاو کەوتووە.
یوسف مستەفا شۆفێری کرێنەکەیە و دەڵێت، “لە دوێنێ شەوەوە رانەوەستاوەین و 15 بۆ 16 ئۆتۆمبێلمان بەخۆڕایی گواستووەتەوە”.
وەک باسی دەکات، زۆرترین ئەو ئەتۆمبێلانەی بەر لافاو کەوتوون لە گەڕەکەکانی شێخ ئەحمەد و هەولێری نوێ بوون.
ژمارە تەلەفۆنی شۆفێری کرێنەکە (07505873333) و هەرکات پێویستتان پێی بوو، دەمودەست دەگاتە لاتان.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری