چاکسازی لە رێگاوبان دەکرێ

سبەینێ دەروازی زێت هاتوچۆی لێ ناکرێ

ئەحمەد مستەفا

سبەی چوارشەممە 4.11.2026، بەهۆی ئەنجامدانی کاری چاککردنەوە و نوێکردنەوەی رێگاوبانەکان لەلایەن کۆماری تورکیاوە، هاتوچۆی گەشتیاران لە دەروازەی نێودەوڵەتی زێت، لە لایەن تورکیاوە رادەگیرێ.

راگرتنەکە بۆ ماوەی یەک رۆژە و کاتییە.

دەروازەی نێودەوڵەتی زێت لە راگەیەندراوێکدا ئەمڕۆ سێشەممە دەڵێ، ئەم رێکارە بە داوای “دەروازەی دەرەجیکی” کۆماری تورکیا و بەهۆی بەردەوامبوونی کاری چاککردنەوەی رێگاوبانەکان لە لایەن ئەوانەوە جێبەجێ دەکرێت.

لە هەمان کاتدا، هەموو کار و چالاکییەکانی دەروازەی نێودەوڵەتی زێت بە شێوەی ئاسایی بەردەوام دەبن، لە هەمان کاتدا، رۆژی پێنجشەممە 5.11.2026، هاتوچۆ و گەشتکردن لە دەروازەکەدا بە شێوەی ئاسایی دەست پێدەکاتەوە.

دەقی راگەیەندراوی دەروازەکە؛

ئاگادارییەکی گرنگ بۆ گەشتیاران و هاووڵاتیان
بەهۆی ئەنجامدانی کاری چاککردنەوە و نوێکردنەوەی ڕێگاوبانەکان لە لایەن کۆماری تورکیاوە، هاتوچۆی گەشتیاران لە دەروازەی نێودەوڵەتی زێت، لە لایەن تورکیاوە، بۆ ماوەی یەک ڕۆژ بە شێوەیەکی کاتی ڕادەگیرێت.
بەم بۆنەیەوە، بەڕێوەبەرایەتی دەروازەی نێودەوڵەتی زێت ئاگاداری هەموو هاووڵاتیان و گەشتیاران دەکاتەوە کە ڕۆژی چوارشەممە، ٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، هاتوچۆ و گەشتکردن لە سنووری دەروازەکەدا بۆ ماوەی یەک ڕۆژ ڕادەگیرێت.
شایانی باسە، ئەم ڕێکارە بە داوای دەروازەی دەرەجیکی کۆماری تورکیا و بەهۆی بەردەوامبوونی کاری چاککردنەوەی ڕێگاوبانەکان لە لایەن ئەوانەوە جێبەجێ دەکرێت؛ لە هەمان کاتدا، هەموو کار و چالاکییەکانی دەروازەی نێودەوڵەتی زێت بە شێوەی ئاسایی بەردەوام دەبن.
بەپێی بەرنامە، ڕۆژی پێنجشەممە، ٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، هاتوچۆ و گەشتکردن لە دەروازەکەدا بە شێوەی ئاسایی دەست پێدەکاتەوە.
لەبەر ئەوە، داوا لە هاووڵاتیان و گەشتیاران دەکرێت بەرنامە و وادەی گەشتەکانی خۆیان لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییە بگونجێنن و گەشتەکانیان بۆ ڕۆژی پێنجشەممە دابنێن.
ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەروازەی نێودەوڵەتی زێت