لە کۆیە منداڵێکی تەمەن پێنج ساڵ لە گۆمێکدا خنکا
964+
دەریا ئەحمەد- کۆیە
منداڵێکی تەمەن پێنج ساڵ لە ناحیەی ئاشتی سەربە قەزای کۆیە کەوتە ناو گۆمێکی ئاوەوە و گیانی لەدەستدا، تیمی غەواسی بەرگریی شارستانیش تەرمەکەیان دەرهێناوە و رەوانەی پزیشکی دادی کردووە.
دڵزار بەکر، بەڕێوبەری بەرگریی شارستانیی کۆیە، بە 964ـی راگەیاند: “منداڵێکی 5 ساڵان لە ناحیەی ئاشتی سەربە قەزای کۆیە کەوتووەتە ناو گۆمێکی ئاوەوە و خنکاوە، تەرمەکەی لەلایەن تیمی غەواسی ناحیەی ئاشتییەوە دەرهێنراوەتەوە”.
منداڵەکە ناوی (کۆژین پەیوند ساڵح)ـە و تەمەنی پێنج ساڵ بووە.
یونس عەبدوڵا، کارمەندی تیمی غەواسی ئاشتی، وردەکاری رووداوەکەی بۆ 964 گێڕایەوە و وتى: “کاتێک ئێمە ئاگادارکراینەوە لە رووداوەکە، کارمەندێکی بەرگریی شارستانیمان کە رووداوەکە لەنزیک ماڵی ئەوان بووە، گەیشتبووە شوێنەکە و تەرمەکەی دەرهێنابوو؛ لە نەخۆشخانەی ئاشتیش زۆر هەوڵی لەگەڵ درا، بەڵام گیانی لەدەست دابوو و تەرمەکەی رەوانەی پزیشکی دادی کۆیە کراوە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، گۆمەکە قەبارەی بچووک بووە، بەڵام بەهۆی بچووکی تەمەنی منداڵەکەوە نەیتوانیوە خۆی رزگار بکات و خنکاوە.
پێداچوونەوە: پەری ساڵح