کێشەی دارایی هەڕەشە لە یانهكانی كهركوك دەکەن
گازی باکور و حەویجە لە قۆناغی ٣٢ـی جامی عێراقن
میدیازان – كاروان ستار ساڵحی – كهركوك
هەردوو یانەی گازی باکورو حەویجە بە بردنەوەیان خۆیان گەیاندە قۆناغی ٣٢ـی جامی عێراق، بەڵام نەبوونی پارەو کێشەی دارایی بووەتە هەڕەشە لەسەر بەردەوام بوونیان.
هەردوو یانەی گازی باكوور و حهویجه، له قۆناغی یهكهمی جامی یانهكانی عێراق بە بردنەوەیان لە یانهی پێشمهرگهی سلێمانی و یانهی رهبیعه خۆیان گەیاندە قۆناغی ٣٢ـی جامی عێراق، بەڵام وەک خۆیان دەڵێن كێشهی دارایی خەریکە دەبێتە رێگر لەبەردەمیان و تەواوکردنی یارییەکانی داهاتوو.
وریا جهلال، سهرۆكی یانهی گازی باكوور به میدیازانی راگهیاند ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕی ملیارێک و ٥٠٠ ملیۆن دیناری بۆ خەرج كردووین، بەڵام بە بیانووی جیاواز تا ئێستا تەنیا 300 ملیۆن دینارمان وەرگرتووەو، ئەو بڕهشمان وهك موچه به یاریزانان و راهێنهرانی تیپه جیاوازهكانی یانهكه داوه.
میدیازان دەزانێت یانەی گازی باکور، سەر بە وەزارەتی نەوتی عێراقەو، لەوێ ساڵانە بودجەی بۆ دابین دەکرێت، بۆ ئەمساڵیش بۆ تۆکمەتر کردنی ریزەکانی گرێبەستی لەگەڵ ژمارەیەک یاریزان واژوو کردووە.
سەرۆکی یانەکە دەڵێ، بەهۆی كێشهی داراییهوه نەمانتوانیوه یاریزانی پیشەگەر بهێنینه یانهكهمان، چونکە پارەیەکی زۆرمان لایان ماوە هێشتا بۆمان خەرج نەکراوە، ئەگەر بۆمان خەرج نەکرێت ئەوا دووچاری گرفت دەبینەوە لە بەشداری کردن لە خولی عێراق و جامی عێراق”.
هەرچی یانەی حەویجەیە، وەرزی رابردوو سەرکەوت بۆ خولی پلە یەکی عێراق و، لەجامی عێراقیش بە بردنەوەی لە رەبیعە خۆی گەیاندە قۆناغی ٣٢ـی جامەکە.
راجح عەلی، ئەندامی دەستەی كارگێریی یانەی حەویجە بە میدیازانی وت، بە هاوكاری پارێزگاری كەركوك و كەسانی دڵسۆزی یانهكه، ئهم وهرزه نزیكەی 40 ملیۆن دینارمان بۆ موچەی مانگانەی یاریزانان و ستافی راهێنەران خهرج كردووه.
زیاتر وتی “وهرزی رابردوو چەندجارێک دە ملیۆن دینارمان لە وەزارەتی وەرزش و لاوانی عێراق وهرگرتووه، بەڵام ئەم وهرزه تا ئێستا هیچمان وهرنهگرتووه، بەمجۆرە بڕوا زۆر زەحمەتە بتوانین بەردەوام بین”.