ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم:
نابێت پرۆژەیاسای بودجە بەمشێوەیەی ئێستا دەنگی لەسەر بدرێت
964+
کاکەلاو عەبدوڵا
لە کۆوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم باس لە پڕۆژەیاسای بودجەی 2027ـی عێراق کراوە و ئەنجومەنی وەزیران دەڵێت، نابێت حکومەتی عێراق رێگە بدات پڕۆژەیاسای بودجە بەمشێوەیەی ئێستا بخرێتە دەنگدانەوە
ئەمڕۆ چوارش 28.10.2026 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم، و بەبێ ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم، کۆبووەوە.
تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە پرۆژەیاسای بودجەی عێراق بووە و ئەنجومەنی وەزیران دەڵێت، “هەرێمی کوردستان، قەوارەیەکی دەستووری و فیدراڵییە و ماف و دەسەڵات و شایستە داراییەکانی بە دەستوور پارێزراون، بۆیە پێویستە بودجەی گشتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور، دادپەروەری و هاوبەشیی راستەقینە ئامادە بکرێت، نەک بە بڕیار و رێکاری تاکلایەنەی حکومەتی فیدراڵی.”
“بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان، دەبێت لەسەر بنەمای رێژەی (14.14٪)ی دانیشتووان و بەپێی ئەنجامی دوا سەرژمێری گشتی، دیاری بکرێت و هەموو ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم مسۆگەر بکرێن،” ئەنجومەنی وەزیرانی وا دەڵێت.
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم داوا لە ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ دەکات، رێگە نەدات رەشنووسی پڕۆژە یاسای بودجە، بە شێوەی ئێستای بخرێتە بەر گفتوگۆ و دەنگدان و دەبێت پیش ئەوە پێداچوونەوەی وردی بۆ بکرێت.
ئەوەش هاتووە: هەرێمی کوردستان چاوەڕوانە پڕۆژەیاسای بودجە، لە سەردەمی کابینەی عەلی زەیدی، ببێتە دەرفەتێک بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی ریشەیی و دەستووری بۆ کێشە داراییە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوو حکومەت، نەک ئەوەی لە جیاتی چارەسەرکردنی کێشەکانی ساڵانی رابردوو، هەمان کێشە و ناکۆکییەکان لە ساڵی داهاتووش دووبارە ببنەوە.