ژماره‌ی تووشبووان له‌ كۆنگۆی دیموكراتی 10 هه‌زاری تێپه‌ڕاند

ڤایرۆسی ئیبۆلا خه‌ریكه‌ به‌ فراوانی بڵاوده‌بێته‌وه‌

ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

ئاژانسی رۆیته‌رز بڵاویكرده‌وه‌، زیاتر له‌ 10 هه‌زار تووشبوو به‌ ڤایرۆسی ئیبۆلا له‌ كۆنگۆی دیموكراتی تۆمار كراون.

سه‌رچاوه‌كه‌ ده‌ڵێت، ترس هه‌یه‌ ڤایرۆسه‌كه‌ به‌ وڵاتانی تری ئه‌فریقا بڵاوبێته‌وه.‌

زیادبوونی ژماره‌ی تووشبووان، به‌هۆی جۆرێكی نوێی ڤایرۆسه‌كه‌یه‌، كه‌‌ به‌ “بۆندیبوگیۆ” ناسراوه‌.

تا ئێستاش چوار هەزار و 887 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌، چونكه‌ ڤایرۆسه‌كه‌ به‌ توندترین شێوه‌ له‌ كۆنگۆی دیموكراتی بڵاوبووه‌ته‌وه‌.

هه‌روه‌ها به‌ پێی رۆیته‌رز، له‌ كینیا نۆ حاڵه‌ت و له‌ نه‌یجیریاش حاڵه‌تێک تۆماركراون، هه‌روه‌ها ژنی دیپلۆماتكارێكی سویسری تووشی ڤایرۆسه‌كه‌ بووه و له‌گه‌ڵ پیاوه‌كه‌ی گواستراونه‌ته‌وه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌یه‌كی سویسرا،‌ له‌ كاتێكدا پێشتر سه‌ردانی كۆنگۆی دیموكراتی نه‌كردووه‌، بۆیه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌م باره‌یه‌وه‌ ده‌ستیپێكردووه‌.

به‌رپرسانی ته‌ندروستی له‌ كۆنگۆ ده‌ڵێن، نیگه‌رانییه‌كان زۆر زیادیان كردووه‌ به‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی ئیبۆلا، به‌ تایبه‌تی تیره‌ نوێیه‌كه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌، بۆیه‌ داوا ده‌كرێت له‌ به‌رزترین ئاست خۆپارێزی بكرێت.