هەنگوین مەدەنە منداڵى یەک ساڵ
هەنگوینی ئەسڵی ناخرێتە ساردکەرەوە”؛ هەنگەوانێکی بەئەزموونی ئاشکرا دەکات
وریا فەتاح
لە دووەمین و کۆتا ڕۆژی فێستیڤاڵی خورما و هەنگوینی گەرمیاندا، مام کازم، کە ماوەی 28 ساڵە سەرقاڵی کاری هەنگەوانییە، چەند نهێنییەکی گرنگی هەنگوینی بێگەرد و شێوازی هەڵگرتنی بۆ 964 ئاشکرا دەکات؟
مام کازم بە دەم نیشاندانی بەرهەمەکانیەوە بە 964ـی وت: “هەنگوینی ئەسڵ نابێت بخرێتە ساردکەرەوە، بەڵکو دەبێت هەنگوین خۆی لەناو خۆیدا خەست ببێتەوە و ببەستێت نەک بە پلەی ساردیی ساردکەرەوە.”
ئەو هەنگەوانە دەست بۆ شووشەیەک هەنگوین دەبات کە رەنگەکەی جیاواز دەردەکەوێت و دەڵێت: ئەگەر 100 دۆلاریش بەم نیو کیلۆیە بدەن نایفرۆشم، ئەمە شەش ساڵە هەڵمگرتووە. من هەموو ساڵێک نیو کیلۆ بۆ خۆم هەڵدەگرم تا دوای چەند ساڵێک وەک ‘رۆنی کوردی’ زەرد دەبێت، ئا ئەوە هەنگوینی راستەقینە و ئەسڵە.
“هەنگێک تەنیا بۆ بەدەستهێنانی یەک کەوچکی چا هەنگوین، دەبێت بگەڕێت بەسەر 1800 گوڵدا.” مام کازم واى وت.
هۆشداریش دەدات کە نابێت هەنگوین بدرێتە منداڵى یەکساڵ، بە قسەى مام کازم، هەنگوین منداڵى یەکساڵ دەکوژێت.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح