لە دهۆک بەنزینی 690 دیناری نادرێت بە ئۆتۆمبێلی تایبەت

964+

لە پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بەنزینی 690 دیناری تەنیا بۆ پاس و تاکسییە و نادرێت بە ئۆتۆمبێلی تایبەت، بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی پارێزگاکەش دەڵێت ئامانجیان لەم کارە کەمکردنەوەی قەرەباڵغی بەنزینخانەکانە.

موحسین تەها، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی دهۆک بە تۆڕی 964ی وت، ماوەی 11 رۆژە بەنزینی 690 دیناریی عێراقییان پێدەگات، بەڵام نایدەن بە ئۆتۆمبێلی تایبەت، چونکە رێژەکەی کەمە و ئەگەر بدرێت بە ئۆتۆمبێلی تایبەت خەڵکێکی زۆر لە بەنزینخانەکان سەرەی بۆ دەگرن.

پێشتر شۆفێری تاکسی زیاتر لە یەک کاتژمێر لە سەرەدا دەوەستا

“جاران سەرەی وەرگرتنی بەنزینی 690 دیناری لە دهۆک کیلۆمەترێک بۆ دوو کیلۆمەتر درێژبوو، شۆفێری تاکسی زیاتر لە یەک کاتژمێر لە سەرەدا دەوەستا، ئەمە کاریگەری لەسەر ژیانی شۆفێرێکی تاکسی هەبوو… بۆیە ئەو بڕیارەماندا ئەو جۆرە بەنزینە نادەین بە ئۆتۆمبێلی تایبەت،” موحسین تەها وای وت.

حکومەتی عێراق لە 17ی ئادارەوە رۆژانە سێ تانکەری 36 هەزار لیتری بەنزینی 690 دیناریی دەنێرێت بۆ دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ.