بە دەبە وەرى دەگرن
لە کەرکوک نفوس و ئینتەرنێت دابەشکردنی نەوتیان ئاڵۆز کردووە
کاروان ساڵحی – کەرکوک
پڕۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی ماڵان لە شاری کەرکوک دەستیپێکرد، بەڵام ئەمساڵ سیستەمە نوێیەکەی بەغدا بە جۆرێک ئاڵۆزە کە لەبری گەرمکردنەوەی ماڵەکان، هاووڵاتیانی تووڕە و بێزار کردووە.
ئەمڕۆ دووشەممە (19-10-2026)، لە 26 وێستگە و گۆڕەپانی حکومی و ئەهلی لە کەرکوک دەستکرا بە دابەشکردنی نەوتی سپی ماڵان، بەڵام مەرجە نوێیەکان خەڵکی تووشی کێشەی گەورە کردووە، دەبێت سەرۆک خێزان خۆی ئامادە بێت، مۆبایلەکەی ئینتەرنێتی هەبێت، ئەپڵیکەیشنی “سوپەر کی – Super Qi”ی لەسەر دابەزاندبێت، و لە هەمووی قورستر، ئەوانەی کارتی نیشتمانی (نووفووس)ەکەیان سەر بە کەرکوک نییە، ناتوانن لەو شارە نەوت وەربگرن و دەبێت بگەڕێنەوە شارەکانی خۆیان.
خەدیجە عەبدوڵا کە ژنێکى دنیادیدەیە، لە یەکێک لە وێستگەکانی دابەشکردنی نەوت، گلەیى و گازندەکانى لە 964 دەربڕى و وتى،”لە کاتژمێر 7ی بەیانییەوە هاتووم بۆ ئەوەی نەوتەکەم وەربگرم، بەڵام پێم نادەن و دەڵێن نفوسەکەت سەر بە سەنگاوە، بۆیە لێرە بەشە نەوتت نییە.”
کێشەی هاووڵاتیان تەنیا نفوس نییە، بەڵکو سیستەمە ئەلیکترۆنییەکەشە. زریان حەیدەر یەکێکی دیکەیە لەو هاووڵاتیانەى لەسەرەى نەوت وەستاوە، بە 964ی وت: “ئەمە سێیەم جارە دێم بۆ وەرگرتنی نەوت، لە ماڵەوە بەرنامەکە ئامادە دەکەم، بەڵام کە دێمە ئێرە کارمەندەکانی وێستگەکە نازانن کاری پێبکەن و تێکی دەدەن، ناچار دەبم دووبارە بچمەوە بۆ کۆمپانیای سوپەر کی بۆ ئەوەی بۆم چاک بکەنەوە.”
لاى خۆیەوە ئازاد عەلى کە هاوڵاتییەکى شارەکەیە، چیرۆکى خۆى بۆ 964 گیرایەوە و وتى،”26 ساڵە لە کەرکوک دەژیم، ماڵم و هەموو شتێکم لێرەیە، تەنانەت گۆڕی دایکیشم هەر لەم شارەیە، بەڵام تەنیا لەبەر ئەوەی کارتى نیشتمانیم چەمچەماڵە، ناتوانم لێرە بەشە نەوتەکەم وەربگرم”.
لەسەر ئەم کێشانە، سەرچاوەیەک لە کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی کەرکوک بۆ 964 باسى لەوەکرد کە ئەم کێشەیە لە بەغداوە دروست بووە نەک لەلایەن ئەوانەوە. وەک دەڵێت: ئێمە داوامان کردووە کێشەکە چارەسەر بکرێت، چونکە دروست نییە هاووڵاتییەک 40 بۆ 50 ساڵ بێت لە کەرکوک بژی، کەچی بۆ وەرگرتنی 100 لیتر نەوت پێی بڵێیت بڕۆ بۆ قەرەتەپە، خانەقین یان مەندەلی.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح