زۆربەی دەستگیرکراوەکان منداڵ و گەنجن
نائارامییەکان لە فەرەنسا؛ شەش هەزار و 800 کەس دەستگیرکراون
بڵند عەلی
شەپۆلی خۆپیشاندانەکان لە فەرەنسا بەردەوامە و تا ئێستا زیاتر لە شەش هەزار و 800 کەس لە پەیوەندی بەو ناڕەزایەتییانەوە دەستگیر کراون، کە زۆربەیان تەمەنیان لە 18 ساڵ کەمترە.
خۆپیشاندانەکان بەهۆی ناڕەزایەتیی قوتابیانی قوتابخانە ئامادەییەکان لە دۆخی خراپی دامەزراوە پەروەردەییەکان، کەمی مامۆستا و قەرەباڵغی پۆلەکانەوە دەستیان پێکردووە و دواتر بۆ چەندین شار فراوان بوون.
لە ماوەی خۆپیشاندانەکاندا، پێکدادان لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزەکانی پۆلیس روویداوە و ژمارەیەک لە قوتابیان و ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان بریندار بوون، بەکارهێنانی هێزی پۆلیس و چەکی کۆنترۆڵکردنی خۆپیشاندانەکانیش بووەتە جێی ناڕەزایەتیی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ.
لە بەرامبەردا، حکومەتی فەرەنسا بەڵێنی داوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی پەروەردە هەنگاو بنێت، لەوانەش دابینکردنی 3000 مامۆستای جێگر، بەڵام ناڕەزایەتییەکان هێشتا بەردەوامن و فشار لەسەر حکومەت زیاد دەکەن، بەپێی راپۆرتەکان، زۆربەی دەستگیرکراوەکان منداڵ و گەنجن.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا