کەشناسی هەرێم:
پلەکانی گەرما دادەبەزن و ئەگەری بارانبارین هەیە
964+
کاکەلاو عەبدوڵا
بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم پێشبینی کەشوهەوای ئەمڕۆ و سبەینێی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، پلەکانی گەرما دادەبەزن و ئەگەر بارانبارین لە هەندێک شوێن هەیە.
بەپێی پێشبینی کەشناسی هەرێم، لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێم ئەمڕۆ ئاسمان لەنێوان پەڵە هەور و نیمچە هەور دەبێت و پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی گشتی سێ بۆ چوار پلە بە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنی دادەبەزێت.
کەشناسی هەرێم پێشبینی دەکات، پلەکانی گەرما بۆ سبەینێش بەشێوەیەکی گشتی وەک ئەمڕۆ دەبێت، بەڵام ئاسمان نیمچە هەور بۆ هەوری تەواو دەبێت، بەتایبەت لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی هەرێم ئەگەری کەمێک تاوە باران و بروسکەی کورت خایەن لەکاتەکانی ئێوارەدا هەیە.