یۆنان
لە دوو رووداوی جیاوازدا لە دەریای ئیجە، 12 کۆچبەر خنکان
وریا فەتاح
بەرپرسانی یۆنان رۆژی دووشەممە رایانگەیاند، 12 کۆچبەر لە کاتی هەوڵدان بۆ پەڕینەوە لە دەریای ئیجە گیانیان لەدەستداوە. لەو ژمارەیە، تەرمی 6 کەسیان دوای ئەوە دۆزراوەتەوە کە بەلەمەکەیان خۆی کێشاوە بە کەشتییەکی پۆلیسدا.
پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنان ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو 6 کەسەی لە نزیک دوورگەی لێسبۆس بەهۆی پێکدادانەکەوە گیانیان لەدەستداوە، منداڵێکی ساوا و 4 ژنیان تێدایە.
پاسەوانی کەناراوەکان وتیشی، 6 کۆچبەرەکەی دیکە لەناو بەلەمێکی بچووکدا بوون و لە نزیک دوورگەی سامۆس بەلەمەکەیان نوقم بووە و خنکاون.
لەلایەکی دیکەوە و بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ (IOM)، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا، لایەنی کەم 1209 کۆچبەر لە دەریای ناوەڕاستدا گیانیان لەدەستداوە یان بێسەروشوێن بوون.