نزیکەی هەزار دینار زیادیکردووە
مریشک بەراورد بە هەفتەی رابردوو گران بووە
964+
ئەحمەد شەمزین – هەولێر
نرخی مریشک بەراورد بە هەفتەی رابردوو گران بووە و بۆ هەر کیلۆیەک نزیکەی هەزار دینار چووەتەسەر نرخەکەی.
محەممەد عەباس، کاری مریشکفرۆشی دەکات و قسەی بۆ ئەحمەد شەمزین، پەیامنێری 964 کردووە و دەڵێت: هەفتەی رابردوو کیلۆیەک مریشکی ناسک بە دوو هەزار و 250 دینار بوو، بەڵام ئێستا کیلۆیەک بووەتە سێ هەزار دینار، مریشکی ئومەهاتیش 250 دینار چووەتە سەر نرخەکەی، مریشکی سووریش دوو دانەی بە پێنج هەزارە.
لە چەند رۆژی رابردوو، بە بڕیارێکی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، باجی گومرگی لەسەر هاوردەکردنی گۆشتی سوور، مریشک و هێلکە لابرا و چاوەڕێ دەکرا نرخی مریشک هەرزانتر ببێت، بەڵام بە پێچەوانەوە گران بوو
جەمال محەممەد، مریشکفرۆشێکی دیکەیە و بە 964ـی وت، “ئالیک گرانە و تێچووی کێڵگە پەلەوەرییەکانیش بەرزە، ئەم 15 رۆژەی رابردوو نەبێت خاوەن كێڵگە پەلەوەرییەكان هەموویان لە زەرەردا بوون، پێشتر موشتەریمان هەبوو دەهات پێنج مریشكی بەیەكەوە دەبرد ئێستا ناوێرێ دێت یەک مریشک دەبات چونکە ئیستا خەڵک قەلەقە.”
دوێنێ پێنجشەممە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان لە راگەیاندراوێکدا ناڕەزایەتی خۆی بەرامبەر بڕیارەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەربڕی و داوای کرد بڕیارەکە هەڵبوەشێتەوە.
وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت، بەرهەمیهێنانی هێلکە و مریشک لە هەرێمی کوردستان لە بڕی خواست زیاترە و هەرێمی کوردستان دەتوانێت بەرهەمی شارەکانی عێراقیش پڕ بکاتەوە، بۆیە لابردن یان دواخستنی باج لەسەر بەرهەمی هاوردە، بازاڕی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەخنکێنێت و زیانێکی دارایی قورس بە خاوەن کێڵگەکان دەگەیەنێت
پێداچوونەوە: کاکەلاو عەبدوڵا