لە قەزای شەرگات

ئاگری هەڵگیرساو ژنێکی سوتاند و پیاوەکەی بریندارە

سیروان خورشید – خورماتوو

لە قەزای شەرگاتی سەر بە پارێزگای سەڵاحەدین بەهۆی لێچوونی غازەوە ئاگر لە ماڵێک هەڵگیرسا و بەو هۆیەوە ژنێک گیانی لە دەستدا و هاوسەرەکەشی بریندار بوو.

رووداوەکە ​بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 19.10.2026 روویداوە.

مورتەزا حەمید، ئەفسەر لە بنکەی ئاگرکوژێنەوەی شەرگات بە 964ـی وت، دوای ئاگادارکردنەوەمان، تیمەکانمان گەیشتنە شوێنی روداوەکە و توانرا لە ماوەیەکی کەمدا ئاگرەکە بە تەواوی کۆنتڕۆڵ بکرێت، پێش ئەوەی بۆ ماڵەکانی دەوروبەر بپەڕێتەوە و زیانی زیاتر لێ بکەوێتەوە.

بە قسەی ئەو بەرپرسە، لە ناو ئەو ماڵەدا خێزانێک کە پێکهاتبوون لە ژن و پیاو و دوو منداڵ دەژیان، کاتێک لێچوونی غازەکە روویدا و ئاگرەکە دروست بوو، ژنەکە هەوڵی کۆنتڕۆڵکردن و کوژاندنەوەی داوە.

بەڵام، ئاگرەکە تەشەنەی سەندووە و بە سەختی بەر جەستەی کەوتووە، لە ئەنجامدا دەستبەجێ گیانی لە دەستداوە و هاوسەرەکەشی بەشێکی جەستەی سوتاوە و بۆ وەرگرتنی چارەسەر رەوانەی نەخۆشخانەی قەزاکە کراوە.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا