دانیشتوانەکەی نایانەوێت ئەو پارە زۆرە بدەن

“نابێت لەسەر شانی ئێمە بێت”؛ پارەی خزمەتگوزاری پڕۆژەیەکی سلێمانی 105 ملیۆن دینارە

دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی

پارەی خزمەتگوزاری پڕۆژەی نیشتەجێبوونی دیلان سیتی لە سلێمانی گەیشتووەتە 105 ملیۆن دینار و دانیشتوانەکەی دەڵێن، پڕۆژەکە لەسەر ئەوان حسابی دەکات و دەیەوێت لێیان وەربگرێت چونکە ئەوان پارەی خزمەتگوزارییان داوە.

ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتوانی پڕۆژەکە گردبوونەتەوە و داوای ئەوە دەکەن پڕۆژەکە خۆی ئەو پارە کەڵەکەبووە بدات و نەیخاتە سەر شانی ئەوان، کە بڕەکەی 105 ملیۆن دینارە.

دانیشتوویەکی پڕۆژەکە قسەی بۆ 964 کرد و وتی: پارەیەکی زۆری خزمەتگوزاری هاتووەتە سەرمان لەکاتێکدا ئێمە هەموومان پارەی خزمەتگوزاریمان داوە کە مانگانە 60 هەزار دینارە، بەڵام پڕۆژەکە دەیەوێت پارەی رووناکی سەر شەقامەکان و سەرخەرەکان و بووستەری ئاو  لە ئێمە وەربگرێت کە دەبێت هەر لەسەر ئەو 60  هەزارە حساب بکرێت کە دەیدەین.

ئەو دانیشتووە وتیشی، “بڕی ئەو پارەی خزمەتگوزارییە 105 ملیۆن دینارە و هەر ماڵێک دەبێت 250 هەزار دینار بدات.”

دانیشتوویەکی دیکە دەڵێت، “پارەی خزمەتگوزارییەکە لە ئاستی ئەو خزمەتگوزارییە نییە کە پێشکەشمان دەکرێت، کەچی ئێستا پارەی رووناکی ناو پرۆژەکەشیان خستووەتە سەر شانی ئێمە، ئەگەر ئەمشەو بدرێت 105 ملیۆن دینارە و بکەوێتە بەیانی زۆر زیاتریش دەبێت.”

پێداچوونەوە: کاکەلاو عەبدوڵا