راهێنه‌رێكی ئیسپانی له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌ی عێراق ده‌ستبه‌كار ده‌بێت

میدیازان – ئەرسەلان عەبدوڵلا

دوای وازهێنانی رازی شنێشل لە راهێنەرایەتی، خیسۆس کاساسی ئیسپانی دەبێتە راهێنه‌ری هەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق.

سبه‌ی دووشه‌ممه ١٤ـی تشرینی دووەم،‌ راهێنه‌ری ئیسپانی خیسۆس كاساس، بە فەرمی مه‌شقی هه‌ڵبژارده‌ی عێراق وه‌ردەگرێت، ئەمەش دوای ئەوەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، شه‌شی ئه‌م مانگه‌ گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵ خیسۆس كاساس واژوو كرد.

هەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق کە ئێستا لە ئۆردوگایەکی مەشق و راهێنان دایە لە وڵاتی ئیسپانیا، شەوی رابردوو دوا یاری خۆی بە سەرکردایەتی راهێنەر رازی شنەیشل، بەرانبەر ئیکوادۆر ئەنجامدا و یارییەکەش بەبێ گۆڵ بە یەکسانی کۆتایی هات.

شنەیشل کە بەشێوەیەکی کاتی ئەرکی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی عێراقی وەرگرتبوو، دوای یارییەکە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی رایگه‌یاند، ئه‌ركی ئه‌و له‌گه‌ڵ تیپی شێره‌كانی رافیده‌ین كۆتایی هات.

“گرێبەستەکەی کاساس لەگەڵ فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، بۆ ماوەی چوار ساڵە”

میدیازان دەزانێت، گرێبەستەکەی کاساس لەگەڵ فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، بۆ ماوەی چوار ساڵەو، بەو مەرجەی کە ئەو تیمەی لەگەڵیدا کار دەکەن، خۆی دەستنیشانیان دەکات.

ستافی نوێی مه‌شقی هه‌ڵبژارده‌ی عێراق پێكدێن له‌ خیسۆس كاساس “راهێنه‌ر”، ئه‌لیخاندرۆ فارێلا لۆپێز “یاریده‌ده‌ری یه‌كه‌می راهێنه‌ر”، پابلۆ گراندز “یاریده‌ده‌ری دووه‌م و شرۆڤه‌كاری ته‌كنیكی”، سه‌لڤادۆر رۆمێرۆ “یاریده‌ده‌ری سێیه‌م”، خافێر سانچێز “راهێنه‌ری توانای جه‌سته‌یی”، میگێل ئانخێل گۆنزالێز “راهێنه‌ری گۆڵپارێزان.

بڕیاره‌ سبه‌ی دووشەممە، کاساس له‌گەڵ تیمەکەی كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی له‌ به‌غدا ئەنجامبدەن، 17ـی ئه‌م مانگەش یەکەم یاریی دۆستانەی وەک راهێنەری هەڵبژاردەی تۆپی پێی‌ عێراق لەسەر یاریگای به‌سڕه،‌ میوانداریی هه‌ڵبژارده‌ی كۆستاریكا دەكات، كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ تیپه‌ به‌شداره‌كانی مۆندیالی 2022.

خیسۆس كاساس