لە بازاڕدا
تەنیا ئاو و بەنزینی تێمەکە؛ سۆپایەکی نوێ بە رۆنی پیسی ئۆتۆمبێل کاردەکات
رێباز یونس- هەولێر
جۆرێکی نوێی سۆپای ئێرانی کەوتووەتە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستانەوە کە بەتەواوی جیاوازە لە سۆپا باوەکان، ئەمەیان پێویستی بە دار و نەوتی سپیی ماڵان نییە، بەڵکو بە رۆنی پیس و سووتاوی ئۆتۆمبێل کاردەکات.
رامیار حاجی محەمەد، کە فرۆشیارێکی ئەم جۆرە سۆپایەیە لە شاری هەولێر، بە 964ی راگەیاند: ئەم سۆپایە 4 جۆری جیاوازی هەیە و خواستێکی زۆری لەسەر دروست بووە، هەرچەندە سەرەتا خەڵک لێی دەترسان و دەیانگوت دووکەڵەکەی دەبێتە هۆی نەخۆشیی شێرپەنجە.
ئەو فرۆشیارە ئەو ترسەی خەڵکی رەواندەوە و روونیکردەوە کە سیستەمی سۆپاکە بە جۆرێکە بە هیچ شێوەیەک دووکەڵەکەی نایەتە ژوورەوە، هەروەها سەلامەتە و هیچ مەترسییەکی گڕگرتن و تەقینەوەی نییە.
سەبارەت بە جۆری ئەو سووتەمەنییەی سۆپاکە کاری پێدەکات، رامیار وتی،”تەنیا بەنزین و ئاوی تێمەکە، ئیتر چی سووتەمەنییەکی پیس هەیە وەک رۆنی رەشی ئۆتۆمبێل، گاز یان نەوتی پیس، دەتوانیت تێی بکەیت و بەبێ کێشە ژوورەکەی پێ گەرم بکەیتەوە.”
پێداچوونەوە: وریا فەتاح