لەدوای هێرشەکان

باڵیۆزی سعودیە: گەرووی بابولمەندەب لە چەکدارانی حوسی پاککرایەوە

ئەحمەد مستەفا

محەمەد ئال جابر، باڵیۆزی سعوودیە لە یەمەن رایگەیاند، گەرووی ستراتیژیی بابولمەندەب بە تەواوەتی لە چەکدارانی حوسی پاککراوەتەوە، ئەو ئەم دەستکەوتەی بە “سەرکەوتنێک بۆ گەلی یەمەن و نەتەوەی عەرەب” وەسف کرد.

ئەم راگەیاندنە هاوکاتە لەگەڵ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی فراوان کە رۆژی هەینی، لەلایەن هێزەکانی حکومەتی یەمەن، بە پاڵپشتیی هاوپەیمانیی عەرەبی دەستی پێکردووە بۆ سەر حوسییەکان.

بەپێی سەرچاوە سەربازییەکان، لەم ئۆپەراسیۆنەدا هێزەکانی “عەمالیقە” و “قەڵغانی نیشتمان” توانیویانە پێگەکانی خۆیان لە گەرووی بابولمەندەب و دوورگەی مەیوون جێگیر بکەن و کۆنترۆڵی ئەو ناوچەیە بەدەستەوە بگرن.

گەرووی بابولمەندەب یەکێکە لە گرنگترین رێڕەوە ئاوییە ستراتیژییەکانی جیهان، کە دەریای سوور بە کەنداوی عەدەن و دەریای عەرەبییەوە دەبەستێتەوە.

تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، حوسییەکان هیچ لێدوانێکی فەرمییان سەبارەت بە راگەیاندنی لەدەستدانی کۆنترۆڵی ئەو ناوچە ستراتیژییە بڵاونەکردووەتەوە.