لیژنەکان پێداچوونەوە بە خاوەندارێتی موڵکەکان دەکەن - وێنە: وەزارەتی داد
لە وەزارەتی دادی عێراق
پشکنین ناو و موڵکی سوودمەندانی یەک ملیۆن پارچە زەوییەکە دەکرێ
ئەحمەد مستەفا
وەزارەتی داد لە عێراق دەڵێ، بەردەوامە لە پشکنینی ناوەکانی ئەو کەسانەی دەکەونە چوارچێوەی پێدانی یەک ملیۆن پارچە زەوییەکە، بۆ دڵنیابوون لە دروستیی زانیارییەکان و تەواوکردنی پێداویستییە کارگێڕییەکان پشکنین بۆ سودمەندبوون و خاوەندارێتی موڵک دەستی پێکردووە.
حەیدەر عەبدولکەریم، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتی تۆمارکردنی خانووبەرە بۆ کاروباری یاسایی، بە سەرپەرشتی وەزیری داد خالید شوانی، سەردانی مەیدانیی بەڕێوەبەرایەتییەکانی تۆمارکردنی خانووبەرەی مەدائین، شەعب و رەسافەی یەکەمیان کرد.
داد لە راگەیەندراوێکدا دەڵێ، ئەم سەردانانە چاودێریکردنی رەوتی کار و ئاستی پێشکەوتنی پرۆسەی ئەڕشیفکردنی زانیاریی خاوەن موڵکەکانە، لەگەڵ پشکنینی ناوەکان و دابەشکردنی پارچە زەوییەکان، بۆ دڵنیابوون لە دروستیی زانیارییەکان و تەواوکردنی پێداویستییە کارگێڕییەکان.
وەزارەتی داد ئاماژەی بەوە کردووە کە تیمە پسپۆڕەکان تەنانەت لە دەرەوەی کاتی فەرمیی کاردا بەردەوامن لە کارکردن، بە ئامانجی خێراکردنی تەواوکردنی پێداویستییەکانی پڕۆژەکە.
بەپێی راگەیەندراوەکە، کارەکان لە هەموو بەڕێوەبەرایەتییەکانی تۆمارکردنی خانووبەرەدا بەردەوامن، بە مەبەستی ئاسانکاریی رێکارەکان و پێشخستنی جێبەجێکردنی پڕۆژەی دابەشکردنی یەک ملیۆن پارچە زەوی.
بەڵام هێشتا ئەم هەنگاوانە لە چوارچێوەی ئامادەکاری و تەواوکردنی ڕێکارە کارگێڕییەکان دان، راگەیەندراوەکە کاتی دەستبەدابەشکردنی پارچە زەوییەکان دیاری نەکردووە.