تۆمەتی "تیرۆر"یان دراوەتە پاڵ

دوای نزیکەی هەشت ساڵ زیندان چوار هاوڵاتی کوردی عەفرین ئازاد کران

ئەحمەد مستەفا

دوای نزیکەی هەشت ساڵ لە زیندان و چاوەڕوانی، چوار هاوڵاتیی کوردی خەڵکی گوندی عەمرا ئۆشاغی، سەر بە ناحیەی راجۆ لە دەوروبەری عەفرین، لەلایەن دەسەڵاتدارانی تورکیاوە ئازاد کران، بەڵام بەگوێرەی راپۆرتێک، هێشتا ژمارەیەک لە هاوگوندییەکانیان لە زیندانەکانی تورکیا ماونەتەوە.

بەپێی راپۆرتی روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ئەم دۆسیەیە بۆ مانگی ئابی ساڵی 2018 دەگەڕێتەوە، کاتێک هێزە ئەمنییەکانی تورکیا، لەگەڵ ئەندامانی هەواڵگری، 13گەنجی ئەو گوندە و گەنجێکی گوندێکی دراوسێیان بە تۆمەتی پەیوەندی بە “تیرۆر” دەستگیر کرد.

راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە دەستگیرکراوان لە کاتی دەستبەسەرداگرتنیاندا تووشی لێدان و ئەشکەنجە بوون و دواتر گواسترایەوە بۆ زیندانێک لە ناوخۆی تورکیا. لە کانونی یەکەمی 2019دا، دادگای هاتای سزای جیاوازی بەسەر 11 کەس لەوانەدا سەپاند، کە سزای هەندێکیان گەیشتە زیندانی هەتاهەتایی.

رێکخراوەکە داوا دەکات چارەنووسی هەموو دەستگیرکراوە کوردەکان ئاشکرا بکرێت، لە تۆمەتەکانی ئەشکەنجە و مامەڵەی خراپ لێکۆڵینەوە بکرێت و پێداچوونەوە بە سزاکانیاندا بکرێتەوە.