لۆگۆی بانکی ناوەندی دەردەکەوێت لەگەڵ چەکوشی یاسا و دۆلار - گرافیک: بانکی ناوەندی عێراق
بانکی ناوەندی عێراق:
“رێگە بە بانکەکان نادرێت بارگرانیی دارایی بخەنە سەر بازرگانان”
ئەحمەد مستەفا
بانکی ناوەندی عێراق رایگەیاند، کە بە وردی چاودێریی مامەڵە بانکییەکانی پێش و دوای گۆڕینی نرخی ئاڵوگۆڕ دەکات، بۆ پاراستنی مافی بازرگانان و رێگریکردن لە هەر بارگرانییەکی دارایی لەسەر کڕیاران.
بانکەکە لە راگەیەندراوێکدا داوای لە بازرگان و کۆمپانیاکان کرد کە حەواڵەکانی دابینکردنی دارایی هاوردەکردنیان پێش رۆژی 7.10.2026 شایستەی جێبەجێکردن بووە، سەردانی بانکەکانیان بکەن بۆ دڵنیابوونەوە لە تەواوبوونی رێکارەکان.
بەپێی راگەیەندراوەکە، بانکی ناوەندی پێشتر باڵانسی بانکەکان بۆ ئەم حەواڵانە دابین کردووە و جەختی کردەوە، نابێت جیاوازیی نرخی ئاڵوگۆڕ لەو بازرگانانە وەربگیرێت کە مامەڵەکانیان بە نرخی پێشوو جێگیر کراون.
هەروەها، بانکی ناوەندی رایگەیاند، ئەگەر هەر دواکەوتنێک یان داواکردنی پارەی زیادە روو بدات، بازرگانان دەتوانن لە رێگەی پلاتفۆرمی سکاڵای بانکی ناوەندی یان ئیمەیڵی فەرمی [email protected] سکاڵا تۆمار بکەن.
لە کۆتاییدا، بانکەکە ئاشکرای کرد کە بە هەماهەنگی لەگەڵ بانکەکان و کۆمپانیاکانی پارەدانی ئەلیکترۆنی، پلانی دەرکردنی کارتێکی تایبەت بە بازرگانی دەرەکی بۆ بازرگانە بچووکەکان لەبەردەستدایە، بە مەبەستی ئاسانکاری لە دابینکردنی دارایی هاوردەکردنەکانیان.