بە سەلامەتی گەیشتنە فڕۆکەخانەی هەولێر

یازدە گەنجەکەی دەڤەری راپەڕین کە لە لیبیا گیریان خواردبوو گەڕانەوە هەرێمی کوردستان

964+

کاکەلاو عەبدوڵا

ئەو 11 گەنجەی دەڤەری راپەڕین کە لە لیبیا گیریان خواردبوو بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە سەلامەتی گەیشتنەوە فڕۆکەخانەی هەولێر و بە کەسوکارییان شادبوونەوە.

ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان کە سەر بە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمە رایگەیاند، توانیویانە بە سەرکەوتووی ئەو 11 گەنجە لە لیبیاوە بگەڕێننەوە بۆ هەرێمی کوردستان.

“دوای ئەنجامدانی پشکنین و چارەسەری پزیشکی لەلایەن تیمە تەندروستییەکانی فڕۆکەخانە، تیمەکانی وەزارەتی ناوخۆ گەنجەکانیان رادەستی خێزانەکانیان کردەوە بەسەلامەتی، لە ئێستاشدا تەواوی هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی سۆراخی دە گەنجی دەڤەری راپەرین بەردەوامە،” ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان ئەمەی نوسیووە.

پێشتریش سێ گەنجی دیکە بە سەلامەتی گەڕێندرانەوە هەرێمی کوردستان.

بەشێکی زۆری گەنجانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی خەڵکی دەڤەری راپەڕین بۆ گەیشتن بە وڵاتانی ئەوروپا پەنا دەبەنەبەر کۆچی نایاسایی و یەکێک لە رێگە مەترسیدارەکان کە بەکاریدەهێنن رێگای لیبیایە.

لەبارەی هاندانی گەنجان بۆ دوورکەوتنەوە لە کۆچی نایاسایی، ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان دەڵێت: بەهۆی هەنگاوە گرنگەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەکانی ڕابردوودا بۆ کەمکردنەوەی کۆچی نایاسایی، لە چەند مانگی رابردوو ئەم دیاردەیە بەشێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە و لە هەوڵەکانمان بەردەوام دەبین