لە خورماتوو
پێشمەرگەیەک بەبێ بەرامبەر باخچە و گۆڕەپانە وەرزشییەکان سەوز دەکات
سیروان خورشید – خورماتوو
سەرەڕای سەختی ئەرکە سەربازییەکانی وەک پێشمەرگە، گەنجێکی قەزای خورماتوو کات و توانای خۆی بۆ خزمەتکردنی سروشت و وەرزشی شارەکەی تەرخان کردووە و بە شێوەیەکی خۆبەخش سەرقاڵی سەوزکردن و نۆژەنکردنەوەی گۆڕەپانی تۆپی پێی قەزاکەیە تاوەکو ژینگەیەکی شیاو بۆ گەنجان و وەرزشوانان دابین بکات.
ئازاد رەحیم، ئەو گەنجە خۆبەخشەیە و بۆ مایکی 964 قسەی کردوە و دەڵێت، “رۆژانە نزیکەی هەشت کاتژمێر سەرقاڵی خزمەتکردنی ئەم گۆڕەپانەم، تەنانەت کاتێکیش دەچمە دەوام، کوڕە 12 ساڵانەکەم لە شوێنی خۆم دادەنێم و درێژە بە کارەکە دەدات”.
دەشڵێت، ئەم کارەی تەنیا لەپێناو خزمەتکردنی شارەکەی و وەرزشواناندا ئەنجام دەدات و داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات بۆ ئەوەی بتوانێت خزمەتی زیاتر پێشکەش بکات، ماتۆڕ و ئامێری پێویستی بۆ دابین بکەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەندێک جار دەچمە باخچەی قوتابخانەکانیش و خزمەتیان دەکەم، هەروەھا هەر ماڵێک لە خورماتوو کێشەی باخچەی هەبێت یان پێویستی بە چاککردن و سەوزکردن هەبێت، بەبێ بەرامبەر ئامادەم کارەکەی بۆ بکەم.
کاروان نازم، وەرزشوانێکی قەزاکەیە و دەڵێت ئازاد شەو و رۆژی خستووەتەسەر یەک بۆ خزمەتکردنی گۆڕەپانە وەرزشییەکەیان و بەردەوام خزمەت بە گۆڕەپانی وەرزشی دەکات بێ بەرامبەر.
لەگەڵ ئەوەشدا، وەرزشوانان نیگەرانن لە کەمی ژمارەی گۆڕەپان و یاریگا وەرزشییەکان لە قەزاکەدا و داوای گرنگیدانی زیاتر بە کەرتی وەرزش دەکەن.
پێداچوونەوە: توانا نەقی