لە سلێمانی

تیمەکانی شارەوانی بۆ باران و لافاو لە حاڵەتی ئامادەباشین

ئەحمەد مستەفا

دوای پێشبینییەکانی کەشوهەوا و ئاگادارییەکانی کەشناسی سەبارەت بە هاتنی شەپۆلێکی بارانبارینی بەهێز بۆ ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی هەموو تیمە خزمەتگوزاری و فریاگوزارییەکانی خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشیی تەواو.

تیمەکان بە شێوەی 24 کاتژمێر لە خزمەت و ئامادەباشیدان، هاوڵاتیانیش هەر یامەتییەکی کتوپڕیان پێویست بوو پەیوەندی بە ژمارە 100 بکەن دەچن بە هانایانەوە.

بۆ کەمکردنەوەی مەترسیی کۆبوونەوەی ئاو و دروستبوونی لافاو، تیمەکانی شارەوانی بە هاوکاریی بۆرد و کۆمپانیاکانی کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک، پێشوەختە هەڵمەتێکی فراوانی پاککردنەوەیان دەستپێکردووە.

سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی ئەمڕۆ دووشەممە 5.10.2026 لە بڵاوکراوەیەکدا کە 964 بینوویەتی دەڵێ، لە چوارچێوەی ئەم هەڵمەتەدا، مەنهۆل، ئاوەڕۆ و کەناڵەکانی رێڕەوی ئاو لە شەقامە سەرەکییەکان، کۆڵانەکان و شوێنە گشتییەکان پاککراونەتەوە.

لە هەمان کاتدا، شارەوانی داوای لە هاوڵاتییان کردووە پابەندی رێنماییەکانی پاراستن بن و لە کاتی هەر حاڵەتێکی نەخوازراو یان پێویستی بە یارمەتیی بەپەلە، پەیوەندی بە هێڵی گەرمی فریاکەوتن “JCC” بە ژمارە 100 بکەن.